بانکی ناوەندی: لە دوو هەفتەی داهاتوودا ملیارێک دۆلاری کاش دەگاتە عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕی ملیارێک دۆلاری کاش بە دوو قۆناخ لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە دەگاتە بەغدا، هاوکات ئەو دەنگۆیانەش رەت دەکاتەوە کە باس لە گەیشتنی دۆلاری کاش لە ئەمڕۆدا دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەحموود داغر، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند:"پێشتر بە دوو قۆناخ دۆلاری کاش لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە بۆ بانکی ناوەندی رەوانە کراوە و ئێستاش دۆلاری کاش لە بەردەست بانکی ناوەندیی عێراقدا هەیە".
سەبارەت بە دەنگۆی هاتنی پارەی نوێ لە ئەمڕۆدا، گوتەبێژی بانکی ناوەندی روونی کردەوە "ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی باس لەوە دەکەن ئەمڕۆ دۆلاری کاش گەیشتبێتە عێراق، دوورن لە راستییەوە؛ بەڵکو بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕی ملیارێک دۆلاری کاش بە دوو قۆناخ و لە رێگەی دوو فڕۆکەی تایبەتەوە بگاتە دەستمان".
دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیەش، مەحموود داغر ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو دۆلارە کاشە بە تەواوی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران تەرخان دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک بۆ دابەشکردنی مووچە و پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بەکار ناهێندرێت.