یەکێتیی ئەوروپا: پشتیوانی لە هەوڵەکانی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دەکەین

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند: کە یەکێتییەکەیان بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی دەکات لە بوارەکانی قۆرخکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، بنبڕکردنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازیی ئابووری.

سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە گوتارێکدا کە بە بۆنەی ئاهەنگی هاوبەشی و دۆستایەتی لەگەڵ عێراق لە بەغدا پێشکەشی کرد، گوتی: ئەوروپا لە مێژوودا هەمیشە هاوبەشێکی باوەڕپێکراوی عێراق بووە و لە داهاتووشدا بەو جۆرە دەمێنێتەوە. ئێمە لە تاریکترین ڕۆژەکاندا لە تەنیشت گەلی عێراق وەستاین، بە تایبەت لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، هاوکات هاوکار بووین لە گەڕاندنەوەی ملیۆنان ئاوارە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکێتییەکەیان لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ بەستنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا لە بوارەکانی بەدیهێنانی گەشەی ئابووریی هەمەلایەنە، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و هاوردەکردنی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی ئاییندە.

هەر لە میانی گوتارەکەیدا، زێمتنەر ئاشکرای کرد، سبەی چوارشەممە، بەغدای پایتەخت شایەتی دەستپێکردنی کارەکانی سێیەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی عێراقی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دەبێت، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق رێکخراوە.

هاوکات روونی کردەوە، کە لە کۆڕبەندەکەدا دەیان کۆمپانیای گەورەی ئەوروپی و سەدان کۆمپانیای عێراقی بەشدار دەبن، بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و تاوتوێکردنی دەرفەتە کردارییەکانی وەبەرهێنان.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کارگێڕیی عێراق، باڵیۆزی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی ناوخۆیی بووەتەوە و، یەکێتیی ئەوروپاش ئامادەیە ببێتە هاوبەشێکی راستەقینەی حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆسپانە؛ بەتایبەت لە پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی چەکداماڵین، نەهێشتنی میلیشیا و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لەپاڵ چاکسازیی کارگێڕی و دارایی.