وەزارەتی ناوخۆ: تاکە چارەسەر بۆ شنگال جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەکەیە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەنگاو ولێکتێگەیشتنە تاکلایەنەکانی حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، سەپاندنی هەر واقیعێکی نەخوازراو لە دەڤەرەکە، پێچەوانەی رێککەوتننامەی شنگالە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکەن کە حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ راوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم جۆرە هەنگاوانە پێچەوانەی رێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020دا بەسەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
وەزارەتی ناوخۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی بە بیر هەموو لایەک هێناوەتەوە و دەڵێت، "شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێت رێز لەو قوربانیدان و تێکۆشانە بگیرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات؛ تاکە رێگەچارەی دروستیش جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگالە، چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە بۆ گەرانەوەی شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەندی رێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو رێککەوتنە سیاسییانە بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجام دراون.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ را و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە".