رۆناڵدۆ کەی دەتوانێت گۆڵی ژمارە 1000 تۆمار بکات؟

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرە 41 ساڵانەکەی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی نەسڕی سعوودییە، هەموو ئامانجی ئەوەیە پێش وازهێنان لە یاریکردن ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 1000 گۆڵ، خاوەنی 5 خەڵاتی باڵۆن دۆر ئێستا توانیویەتی 982 گۆڵ لە کاروانی وەرزشی خۆی بکات و پێویستی بە 18 گۆڵی دیکە هەیە.

رۆناڵدۆ کەی دەتوانێت ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 1000 گۆڵ؟
کریس لە ساڵی 2026 لە کۆی 41 یاری توانیویەتی 25 گۆڵ تۆمار بکات، رێژەی گۆڵەکانی لە هەر یارییەک 0.61 گۆڵە، ئەگەر ئەو یاریزانە لەسەر ئەو ئاستە و ئامارە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 بگات بە ئامانجەکەی کە تۆمار کردنی گۆڵی ژمارە 1000ـە.

یەکەم گۆڵی رۆناڵدۆ لە کاروانی وەرزشی

سێ سیناریۆ هەن کە پیشان دەدات کریس کەی دەتوانێت بگات بە 1000 گۆڵ

سیناریۆی یەکەم: مانگی ئاداری 2027
ئەم سیناریۆیە لە هەمووان گەشبینترە و ئەگەر رۆناڵدۆ بتوانێت رێژەی گۆڵەکانی بۆ 0.85 گۆڵ لە هەر یارییەک بەرز بکاتەوە، ئەو کاتە پێویستی بە 22 یاری هەیە واتە تاوەکو مانگی ئاداری 2027 دەبێت چاوەڕێ بکات، بەڵام بە مەرجێک ئەو ژمارە یارییانە بکات نەوەک کەمتر.

سیناریۆی دووەم: مانگی نیسانی 2027
بە گوێرەی ئامارەکانی ئێستای رۆناڵدۆ پێدەچێت ئەو یاریزانە لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 بگات بە 1000 گۆڵ. بە جۆرێک کە ئێستا رێژەی گۆڵەکانی لە هەر یارییەک 0.61 گۆڵە، دۆن پێویستی بە نزیکەی 30 یاری دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی.

سیناریۆی سێیەم: مانگی ئایاری 2027
ئەگەر رێژەی گۆڵەکانی رۆناڵدۆ لە هەر یارییەک بۆ نیو گۆڵ کەم ببێتەوە واتە 0.50 گۆڵ لە هەر یارییەک، ئەو کاتە ئەستێرە پۆرتوگاڵیەکە بۆ تۆمار کردنی 18 گۆڵ پێویستی بە 36 یاری دیکە دەبێت، واتە دەبێت چاوەڕێ بکات تاوەکو مانگی پێنجی ساڵی 2027 تاوەکو بتوانێت گۆڵی ژمارە 1000 تۆمار بکات.

گۆڵی ژمارە 892ـی رۆناڵدۆ