وەزارەتی تەندروستی: ئەو دەرمانانەی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێن زیانبەخش و کوشندەن
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی تەندروستی و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی هاووڵاتییان و فرۆشیارە یاسا شکێنەکان کرد و رایگەیاند، فرۆشتنی دەرمان بە هەموو شێوەیەک لە رێگەی ئۆنڵاینەوە قەدەغەیە.
چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هۆشدارییەکدا سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دەرمان لە رێگەی ئۆنڵاینەوە جەخت دەکاتەوە، ئەم کارە بە تەواوی نایاساییە و رێکاری تووندی یاسایی لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە هەستێت بە ئەنجامدانی کارەکە و بە نایاسایی دەرمان بفرۆشێت. داواش لە هاووڵاتییان دەکات، لەپێناو سەلامەتیی تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان، بە هیچ شێوەیەک پشت بەو ریکلام و پلاتفۆرمانە نەبەستن چونکە جێگەی متمانە نین، هاوکات جگە لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان، هیچ شوێنێکی دیکە بۆی نییە دەرمان بە نەخۆش بدات.
لە بارەی ئەو دەرمانانەی بۆ دابەزاندنی کێش یان قەڵەبوون بەکاردەهێندرێن، وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی دەدات و رادەگەیەنێت، ئەو بەرهەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئۆنڵاین بۆ دابەزاندن یان زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن، سەرچاوە و پێکهاتەیان نەزانراوە و زیانی کوشندەیان بۆ سەر جەستە هەیە:
دەرمانی خۆلاوازکردن (کێش دابەزاندن): زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرە توندەکان لەخۆ دەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیداری پەستانی خوێن، تێکچوونی لێدانی دڵ، جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.
دەرمانی خۆقەڵەوکردن (کێش زیادکردن): زۆربەی کات بڕێکی نائاسایی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆن) یان ستیرۆید لەخۆ دەگرن، دەبنە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە لەشدا، تێکچوونی سیستەمی بەرگری، کێشەی هۆرمۆنیی توند، و لاوازکردنی توانای کارکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەکاتەوە، دەرمان تەنیا و تەنیا دەبێت لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان و بە رەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ دابین بکرێت. هاوکات تیمە چاودێرییەکان بەدوای سەرپێچیکاراندا دەگەڕێن و هەر کەسێک ئەم مامەڵەیە بکات، رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.