مەحما خەلیل: نابێت رێککەوتنێکی سەربازی مافی شنگالییەکان ون بکات
پەرلەمانتاری عێراق و قایمقامی پێشووی شنگال رایدەگەیەنێت، هێشتا گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال باڵادەستن و ڕەتیدەکاتەوە ئەو هێزانە لە ناوچەکە چووبێتنەدەرەوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەوڵ و لێکگەیشتنە ئەمنییە تاکلایەنەکانی بەغدا ماف و ئیرادەی پێکهاتەی ئێزدی پێشێل دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند"هەر لێکگەیشتنێکی سەربازی یان ئەمنی کە لە لایەن بەغداوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیرادەی خەڵکی شنگال ئەنجام بدرێت، رەوایەتی نییە و دەبێتە هۆی ونکردنی ماف و شایستەکانی ئێزدییەکان و قوڵکردنەوەی برینەکانی جینۆساید لە ناوچەکەدا."
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونەدەرەوەی چەکدارانی پەکەکە و گرووپە ناڕەسمییەکان دەکەن لە شنگال، مەحما خەلیل گوتی "ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، چەکدارەکان لە شنگال نەچوونەتە دەرەوە و دەسەڵات لەوێ لە دەستی ئەواندایە. تەنانەت پارێزگاری نەینەوا یان هەر بەرپرسێکی دیکەی ئیداری ناتوانن بەبێ هێزێکی زۆری پارێزگاری سەردانی شنگال بکەن، چونکە ئیرادەی چەکدارەکان سەپێنراوە."
هاوکات رەخنەی لە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە شنگال گرت و گوتی "ناکرێت تەنیا چەک لە خەڵکی ئێزدی وەربگیرێتەوە لە کاتێکدا عەشایەر و گرووپەکانی دیکە چەکدار بن. ئێزدییەکان ئەو چەکەیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و لە عێراق بەکارهێناوە."
مەحما خەلیل تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی ئێزدییەکان و رایگەیاند "نزیکەی 95%ـی خەڵکی شنگال هێشتا لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هەزاران ژن و کچی ئێزدیش هێشتا بێسەروشوێنن یان لە کەمپی هۆل لە سووریا ماونەتەوە، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی عێراق لە ئاست دۆسیەی رفێندراواندا کەمتەرخەمە."
سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی قایمقام و ئیدارەی شنگال، مەحما خەلیل روونی کردەوە کە بەپێی ماددەی 122ـی دەستوور و یاسای ژمارە 21ـی پارێزگاکان، ناکرێت بە شێوەیەکی ناڕەسمی و سەپێنراو قایمقام بە وەکالەت دابنرێت، بەڵکو دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسا و ڕێکارە دەستوورییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بڕیار لەسەر دۆسیەی ئیداریی شنگال بدات.