ترەمپ و ئەردۆغان پرسی گەرووی هورمز و یەمەنیان تاوتوێ کرد
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و پێی راگەیاندووە، هەوڵدەدات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە پرسی گەرووی هورمز و دۆخی یەمەن چارەسەر بکات.
کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، هەردوو سەرۆک باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن، پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کردووە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەردۆغان پەیوەندی بە ترەمپەوە کردووە و باسی لە هاوپەیمانی بەرگریی مەککە کردووە و رایگەیاندووە، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی گەرووی هورمز و دۆخی یەمەن دەکات، هەروەها جەختیکردووەتەوە، کە هەوڵدەدات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر کێشەکە و دۆخەکە بکات.
هەر لە قسەکانیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردووەتەوە، لە پشتیوانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ نێوەنگیری لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەی نێوانیان هەیە، کە لە پێنجەم ساڵی نزیک دەبێتەوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسیەی نێوان ئەنقەرە و واشنتن دوای ئەوە هات، چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ئەمریکا و رووسیا سەرقاڵی تاوتوێکردنی زنجیرەیەک رێککەوتنی ئابووریی ئەگەرین. ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی فراوانتردان بۆ هاندانی ڤلادیمیر پووتین بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، لەوانەش گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بازاڕی نەوتی رووسیا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەورووپا و گۆڕینی بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاند "نوێنەرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ هەردوو لایەنی جەنگەکەدا پێشنیازە ئابوورییەکانیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش چوارچێوەیەکی ئابووریی پاش جەنگ بۆ دروستکردنی گەشەی درێژخایەن و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ ئۆکرانیا، لەگەڵ دەرفەتی ئەگەری بۆ هاریکاریی ئابووریی پاش جەنگ لەگەڵ رووسی، رێککەوتنە ئابوورییەکان لە چوارچێوەیەکی گشتگیری ئاشتییەوە دەبن کە کوشتار لەو جەنگە رادەگرێت؛ هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە".
کۆشکی سپی و کرێملن تاوتوێی پڕۆژەیەکی هاوبەشیان کردووە کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی ئەمریکا و رووسیا لە کەناراوەکانی دوورگەی ساکالین لە رۆژهەڵاتی رووسیا دەگرێتەوە. هەروەها بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی رووسیا بۆ ئەورووپا لە رێگەی بۆریی دروژباوە، بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانەیە.
پێشنیازەکانی دیکە بریتین لە گەڕاندنەوەی مافی بەکارهێنانی ئاسمانی رووسیا بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی هاریکاریی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی تایتانیۆم بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان، فرۆشتنی ئەگەریی سەروەت و سامانە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیای لوکئۆیل بە وەبەرهێنەرانی نزیک لە کۆشکی سپی، پڕۆژەیەکی پێشنیارکراوی گازی سروشتیی شل لە ئەلاسکا کە کۆمپانیای نۆڤاتیکی رووسیا دەگرێتەوە، دەستپێکردنەوەی دابینکردنی گاز لە رێگەی بۆرییەکانی نۆرد ستریم، سووککردنی سزاکانی سەر پۆتاسی پەیین، گواستنەوەی بەڕێوەبردنی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیای ژێر دەسەڵاتی رووسیا بۆ لایەنێکی ئەمریکی.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ سەرەتای مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەیەکدا لە سانت پیتەرسبۆرگ لەگەڵ پووتین تاوتوێی رێککەوتنی بازرگانیی ئەگەری کردووە. بەپێی ئەو وێنانەی تیمی راگەیاندنی کرێملن بڵاویان کردووەتەوە، لە سەردانێکی هەفتەی رابردووی مۆسکۆدا، ویتکۆف لەسەر دەفتەری تێبینییەکانی نووسیویەتی "رێککەوتنە بازرگانییەکان".
کیرل دمیتریڤ، نێردەی ئابووریی رووسیا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا، مانگی شوباتی 2026 لە میانەی گفتوگۆکان لەگەڵ ویتکۆف و جێرد کوشنەر سەبارەت بە پلانی ئاشتیی ئۆکرانیا، بەهای پڕۆژە ئەگەرییەکانی بە 14 تریلیۆن دۆلار خەمڵاند. مۆسکۆ رێککەوتنە بازرگانییەکانی وەک هاندەرێک بۆ ترەمپ بینیوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا ئاسایی بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، 7ـی ئابی 2026، میدیاکانی سعودیە و پاکستان بڵاویانکردەوە، رێککەوتنەکە لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئیمزا کراوە، رێککەوتنەکە ناو نراوە "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش".
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە و کاریگەریی قووڵی بەسەر هاوپەیمانییە ناوچەیییەکانەوە جێهێشتووە. هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ریاز و حوسییەکانی یەمەن، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر باشووری شانشینی سعودیە، 11 کەس بریندار بوون.
شارەزایانی بوارەکانی بەرگری رایدەگەیەنن، بەهێزبوونی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان سعودیە (کە خاوەنی کێشێکی ئابووری و نەوتیی گەورەیە)، تورکیا (کە ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە) و پاکستان (کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە)، ئاماژەیەکی روونە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان لە سایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەستەی هاوپەیمانیی سەرەکی (سعودیە، تورکیا، میسر و پاکستان) لەگەڵ قەتەر لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە لە 28ـی شوبات، رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان.