رووسیا 200 کرێکاری دیکە دەنێرێتە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر
کۆمپانیای رووس ئەتۆم ژمارەی کرێکارەکانی بیناسازی لە یەکەی نوێی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر زیاد دەکات.
ئەلێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای حکوومەتی رووسیا (رووس ئەتۆم) رایگەیاند، لە مانگی داهاوودا 200 کرێکاری دیکە بۆ بونیادنانی یەکەی نوێی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر زیاد دەکەن، هەروەها بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، وەک پلانیان بۆ داناوە تا سەرەتای ساڵی 2027، کۆی گشتی کرێکارەکانیان بە گوێرەی ئەو ژمارەیە زیاد دەکەن، کە لەگەڵ خشتەی پڕۆژەکەدا بگونجێت.
لیخاچۆڤ دانیناوە بەوەی ئەگەری پەرەسەندنە سەربازییەکان، کاریگەری لەسەر بەرنامەکە دەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خۆیان بۆ دۆخێکی لەو شێوەیە ئامادە دەکەن، بەڵام بۆ ئێستا لەسەر بنەمای سیناریۆیەکی گەشبینانە بەردەوامین.
بوشەهر تاکە وێستگەی ئەتۆمی ئێرانە کە رووسیا سووتەمەنی بۆ دابین دەکات. کۆمپانیای روۆس ئەتۆم دوو یەکەی ئەتۆمی نوێ لەو وێستگەیەدا دروست دەکات، کە بەگوێرەی راپۆرت و بانگەشەکانی ئێران، ئەو وێستگە ئەتۆمییە بۆ خزمەتی مرۆییە نەک پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام روون نەبووەتەوە ئەمە هۆکار بووە یان بوونی کرێکار و پسپۆرە رووسییەکان بوونەتە رێگر لەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل نەتوانن هیچ هێرشێکی ئاسمانی بکەنە سەر ئەو وێستگە ئەتۆمییە.
لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رووسیا بەشێکی ژمارەیەکی زۆری لە پسپۆر، کارمەند و کرێکارەکانی لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کاندووەتەوە.