وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، پرۆسەی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، ئێران توانای بەدەستهێنانی دۆلاری نییە و توانای دارایی بریکارەکانیشی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا جەختیکردەوە، بۆ یەکەمجار لەو کاتەوەی ئێران دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، هیچ بارهەڵگرێکی نەوتی ئێران لە دەریاکاندا نییە.
پێشتر بیسێنت لە 22ـی تشرینی یەکەم گوتی، ئەو تانکەرانەی نەوت کە لە دوورگەی خارگ باریان هەڵدەگرد دەکرد، بەتەواوی دیار نەماون و چیتر هیچ شوێنەوارێکیان نەماوە.
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا روونیکردەوە، پرۆسەی گۆشەگیرکردنی ئابووری کە ئەمریکا لە 24ـی ئاب دەستی پێکردووە، کار لەسەر بڕینی شادەماری نەوتیی ئێران دەکات. ئامانجی ئەو پرۆسەیە بێبەشکردنی ئێرانە لەو سەرچاوانەی بۆ دابینکردنی پارەی تیرۆر، بەرنامە ئەتۆمییەکان و ژیانی خۆشگوزەرانیی ئەندامانی باڵای سوپای پاسداران بەکاری دەهێنن.
واشنتن ئێستا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەدات، تا رێگری لە گەیشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بکات.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بە ناونیشانی "ئاسۆی ئابووریی جیهان" کە 13ـی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی کردووە ئابووریی ئێران ئەمساڵ بە رێژەی 7.6%ـی پاشەکشە بکات. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە ژمارەیەک وڵاتی کەنداویش بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی بازاڕی وزە و بازرگانییەوە، رووبەڕووی پاشەکشەی ئابووری بوونەتەوە.