ژمارەیەک کۆچبەری دیکە گەڕێنرانەوە
شەش گەنجی خەڵکی دەڤەری راپەڕین و کۆیەی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لە لیبیا گەڕێندرانەوە.
پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو شەش کۆچبەرە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رێکخرا. ئەو گەنجانە پێشتر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس دەستگیرکرابوون.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رایسپاردووین بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە لیبیا گیریان خواردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رێکارەکانمان ئەنجامداوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستیشمان راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە رانییە، کۆچبەرەکان کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کاتژمێر 5:00ـی بەرەبەیان گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان. لەو ژمارەیە، پێنج کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن و یەکێکیان خەڵکی کۆیەیە، کە ماوەی 75 رۆژ بوو لە لیبیا گیریان خواردبوو.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و دەروونییان، پەیامنێرمان روونیکردەوە، کۆچبەرەکان کاتێک دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، دۆخێکی نالەباریان هەیە و پێشوازی لە میوانان ناکەن. هاوکات کەسوکاری بەشێک لەو گەنجانە بە کوردستان24یان گوت، بەپێی گێڕانەوەی کوڕەکانیان دۆخیان لە لیبیا بەراورد بە کۆچبەرانی دیکە باشتر بووە و رووبەڕووی ئەشکەنجە، رفاندن یان سووکایەتی نەبوونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی لە رێگەی لیبیاوە تەنیا لە مەترسییەکانی دەریا و بەلەمەکاندا کورت نابێتەوە. کۆچبەران لەو وڵاتە رووبەڕووی برسێتی، رفاندن و سووکایەتی دەبنەوە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان یان قاچاخچییەکانەوە دەکرێن، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی لیبیا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتن و لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندان.
ئێستا نزیکەی 200 کۆچبەری دیکە لە لیبیا ماونەتەوە و گیریان خواردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قۆناغ لە هەوڵی گەڕاندنەوەیاندایە. لەو ژمارەیە 20 کەسیان بێ سەروشوێنن و کەسوکار و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسیانەوە نییە، لەنێویاندا پێنج کەسیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە بێسەروشوێن بوون.
بە گەڕاندنەوەی ئەم شەش گەنجە، کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی تا ئەمڕۆ لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە 352 کۆچبەر. شایەنی باسە لە 9ـی تشرینی یەکەم، 11 کۆچبەری دیکە لە رێگەی هەمان فەرمانگەوە لە لیبیا گەڕێندرانەوە.