ئەمڕۆ دوا دەرفەتی وەرگرتنی خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکان و شوێن گۆڕینە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوا وادەی بۆ پرۆسەی شوێن‌گۆڕین و چارەسەرکردنی کێشەی فۆڕمی ئەو خوێندکارانە رایگەیاند کە ناویان لە سیستمی زانکۆلاین نەگەڕاوەتەوە.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە هیچ خوێندکارێکی دەرچووی پۆلی 12ـی ناوچە کوردستانییەکان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبێت و سەرجەمیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن.

لە کۆی 1305 خوێندکاری دەرچووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناوی 878 خوێندکار گەڕاوەتەوە. ئەو 427 خوێندکارەی دیکەش کە بەهۆی هەڵە لە پڕکردنەوەی فۆڕم بێبەش ببوون، ئەمڕۆ دەتوانن لە رێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە بەشێکی نوێ هەڵبژێرن کە لەگەڵ کۆنمرەکەیاندا بگونجێت.

هاوکات پرۆسەی داواکاریی شوێن‌گۆڕین لە نێوان سەرجەم بەش و کۆلێژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو خوێندکارانەی کۆنمرەکانیان رێگەی پێدەدات، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە فەرمی کۆتایی دێت و سیستمی زانکۆلاین دادەخرێت.

ئەم هەنگاوەی وەزارەت زامنی مافی خوێندنی سەدان گەنجی ناوچە کوردستانییەکان دەکات تا لە بێبەشبوون لە ساڵێکی خوێندن رزگاریان بێت.