رێباز حەملان: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کۆدەنگییەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێباز حەملان، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نییە و لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت، لەوبارەیەوە کۆدەنگییەکی تەواو هەیە و نابێت مووچە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێت."
سەبارەت بە بەرنامەی کابینەی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوە، رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەی حکوومەتی نوێی عێراق ئەوەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هەموو ئەو
ناوچە و شوێنانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون، ئاوەدان بکرێنەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشکەش بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لە بارودۆخی دارایی عێراق کرد و گوتی: "عێراق لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا بودجەی گشتی یەکلایی نەکراوەتەوە، هاوکات ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ناوچەکەدا هەیە، کاریگەری لەسەر عێراقیش دروستکردووە. هەر کاتێک پرسی بودجە یەکلایی بووەوە، پرۆژەکانی ئێمەش جێبەجێ دەکرێن."
رێباز حەملان ئاشکراشی کرد، لە ئێستادا 300 پرۆژەی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام هاوکات بەشێک لە پرۆژەکانیش وەستاون و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و بخرێنەوە بواری جێبەجێکردن.