لە رووداوەکەی کاپادۆکیای تورکیا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و 5ـی دیکەش بریندار بوون
لە شارۆچکەی گۆرەمەی سەر بە پارێزگای نەوشەهیری تورکیا، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە چەند پارچە بەردێکی زەبەلاح لە تاوەرە بەردینە مێژووییەکان (پەری باجاسی) جیا بوونەوە و داڕمان، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە لە نزیک "مۆزەخانەی کراوەی گۆرەمە" لە ناوچەی بەناوبانگی گەشتیاریی کاپادۆکیا رووی داوە. بەپێی هەواڵێکی کەناڵی فەرمیی (TRT)، بەهۆی بارانبارینێکی بەهێز و بەخوڕ لە ناوچەکە، بەردی گەورە لە تاوەرە بەردینە مێژووییەکان داڕماوەتە خوارەوە و بەسەر ئەو شوێنەدا کەوتووە کە هاووڵاتییانی لێ بووە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد - AFAD)، تیمە تەندروستییەکان، جەندرمە و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکانیش دەرکەوتووە کە دوو کەس لەژێر داڕمانی بەردەکان گیانیان لەدەست داوە، هاوکات پێنج بریندارەکەش دوای پێشکەشکردنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سەبارەت بەم کارەساتە، داواکاری گشتیی نەوشەهیر بە پەلە لێکۆڵینەوەی یاسایی دەستپێکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش جێگرێکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتیی دیکەی بۆ بەدواداچوونی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە راسپاردووە.
لای خۆیەوە، ئاکن گورلەک، وەزیری دادپەروەریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بە شێوەیەکی هەماهەنگ بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ کەسێکی دیکە لەژێر داروپەردووی بەردەکاندا.

