قالیباف: دەمێکە مەرجەکانمان بۆ نێوەندگیرەکان چەند بارە کردووەتەوە
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: چەندان جار مەرجەکانی ئێرانمان بە روون و راشکاوی بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە، بۆیە سیاسەتی پاداشت و سزا بەرامبەر بە ئێران هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.
قالیباف ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە بڵاوکردنەوەی کورتە پەیامێک، بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی قسەکانی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و جەختی لە جێبەجێکردنی حەوت مەرجەکەی وڵاتەکەی کردووەتەوە، کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئەمریکا واژۆیان کردووە.
قالیباف لە پەیامەکەید نووسیویەتی: چەندان جار بە روونی و راشکاوی مەرجەکانی ئێرانمان بە وڵاتانی نێوەندگیر گوتووە، بۆیە سیاسەتی پاداشت یان سزا نەک هیچ سوودێکیان نابێت، بەڵکو کاریگەریشیان لەسەر ئێران نابێت، بۆیە تەنیا کاتێک پێشوەچوون بە دەست دێت، کە رێککەوتنی تەواو لەسەر حەوت مەرجەکەی ئێران بکرێت.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئاشکرای کرد، تاران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران دەدرێن، بەڵام لایەنی ئێرانی تا ئێستا وەڵامی فەرمی لەبارەی ناوەرۆکی نامەکە نەداوەتەوە.
نامەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتێکدایە سەرجەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی پێشوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بێ ئەنجام بوون.
لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە 17ـی حوزەیرانی 2026 لەلایەن ئێران و ئەمەریکاوە واژۆ کرا. ئەم لێکتێگەیشتنە، ئاگربەستێکی 60 رۆژەی لەخۆ دەگرت بۆ رەخساندنی زەمینەی دانوستان تا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە و دواتریش پرسی بەرنامەی ناوەکیی ئێرانیش یەکلا بکرێتەوە، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک لێکتێگەیشتنەکە هەڵوەشایەوە و هەردوو لایەن یەکتریان بە پێشێلکردنی تاوانبار کرد، تا دواجار ترەمپ لە دوای مانگێک و بە دیاریکراوی لە تەممووزدا رایگەیاند "ئیتر یاداشتنی لێکتێگەیشتنەکە کۆتایی هات". بەڵام ئێران ئێستاش جەخت لە پابەندبوون بە مەرجەکانی ئەو یاداشتە دەکاتەوە و ئەم حەوت خاڵەی کردووەتە مەرجی رێککەوتن:
- کۆتایی هاتنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لەسەر بەندەر و دورگەکانی ئێران .
- رێگەپێدان بە فرۆشتنی نەوت و هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران .
- ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، کە نزیکەی 12 ملیار دۆلار دەبێت.
- هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا یەکلایەنانەی دوای لێکتێگەیشتنی حوزەیران بەسەر گەیاندن، پترۆکیمیا، فڕۆکەوانی، شەمەندەفەر و بانکەکانی ئێراندا سەپێندراون.
- وەستاندنی هێرشی ئاسمانی و دەریایی و گەرەنتیی ئەوەی هێرشی دیکەی ناکرێتەوە.
- قبوڵکردنی رێڕەوی ئارامی گەشتیاری نێوان ئێران و عوممان وەک بنەمای بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی.
- راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، لە بەرامبەر ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیش.