پێشەوا هەورامانی: دەبێت لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پرسی بودجە یەکدەنگ بن
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە کەمتر لە 14.4%ـی پشکی بودجەی گشتی کە بەپێی داتاکانی سەرژمێری مافی هەرێمە رازی نابن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە کۆبوونەوەی زاخۆدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە شاندی عێراقی ڕاگەیاندووە کە مەرکەزییەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرناگرێت و دەبێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی مامەڵە بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24 رایگەیاند "لە دوو هەفتەی رابردوودا کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق ئەنجام دراوە و ئەوەی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە جەختی لێکراوەتەوە ئەوەیە دەبێت پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان بێت کە حکوومەتی عێراق خۆی سەرژمێرییەکەی کردووە و لە 14.4%ـدایە، بەڵام ئەوان بەبێ هیچ جێگرەوەیەک داوادەکەن لە 12% بێت."
پێشەوا هەورامانی گوتیشی "لەسەر ئەمرۆ رێژەیە رێکنەکەوتووین و لە گفتوگۆکردن بەردەوامین. لە هەموو بارودۆخێکدا نامانەوێت ئەوەی لە رابردوودا بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە دووبارە ببێتەوە؛ ئێمە شەڕەکە بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەکەین، لە کاتێکدا لە رابردوودا لە باشترین حاڵەتدا حکوومەتی فیدراڵی لە سەدا پێنج زیاتری نەناردووە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لە زاخۆ، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و تایبەت بوو بە بڕگەی نەوت لە بودجەدا کە تێیدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل و راشکاو کرا.
گوتیشی "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە مەرکەزییەت لەلای حکوومەتی هەرێم سەرناگرێت و دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا بکرێت. هاوکات جەختیشی کردەوە کە مەلەفی نەوت زۆر روونە و حکوومەتی عێراق هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و بارودۆخی کێڵگە نەوتییەکان بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی باسی لە کێشە تەکنیکییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت کرد و گوتی "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە و بەشێک لە کێڵگەکان تەختی زەوی کراون، بۆیە کاتی دەوێت تا بتوانرێت دووبارە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکرێتەوە."
ئاماژەی بە دژبەریی بڕیارەکانی بەغداش کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێم و گوتی"کۆمپانیای سۆمۆ داوا دەکات رێژەی بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە، کەچی لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق داوای زیادکردنی دەکات."
گوتەبێژی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بۆ مسۆگەرکردنی پشکی 14.4%ـی بودجە "هەرێمی کوردستان بە کەمتر لەوەی لە دەستووردا چەسپێنراوە رازی نابێت. ئەوەی لەسەر شانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە بە سەردانی بەغدا و بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامی داوە، بەڵام دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش پێکەوە فشار بکەن."
ئەوەشی خستەروو کە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا کۆمەڵێک بەڵا هەن، کە گەورەترینیان بەشی "خەرجییە سیادییەکانە."
سەبارەت بە نەوتی سپی ماڵان، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە کۆبوونەوەکەی زاخۆدا ئەو پرسە خراوەتەڕوو و شاندی هەرێم داوای کردووە بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوای ساردی کوردستان نەوتەکە زووتر بنێردرێت، "کەچی تا ئێستا وەک پێویست نەنێردراوە و کەمتر لەو رێژەیە هاتووە کە مافی خەڵکی کوردستانە."
هاوکات پێشەوا هەورامانی وەڵامی لێدوانەکانی ئالا تاڵەبانی دایەوە و گوتی "سەرلەبەری قسەکانی ناراستن؛ حکوومەتی فیدراڵی 42 چاودێری لەنێو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا هەیە و خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکانن کە چی دەگوزەرێت."