پۆلیسی هەولێر: رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر تەقەکەرانی قەزای خەبات دەگیرێتەبەر
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای دروستبوونی ئاڵۆزی و بەکارهێنانی چەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا لە قەزای خەبات، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دۆخەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەوی رابردوو کێشە لە نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای خەبات دروست بوو و چەک بەکارهێنرا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان بە خێرایی دۆخەکە بە تەواوی ئارام بکەنەوە.
پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەکرێت کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت چەک بەکاربهێنرێت، لە چوارچێوەی یاساشدا ڕێکاری توند بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر."