18 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال هەڵدەدرێنەوە
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، 18 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەی قوربانییانی دەستی داعش لە شنگال ئامادەی هەڵدانەوەن و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام نووری، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، سەرجەم ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە پاشماوەی تاوان و هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشن بۆ سەر دەڤەری شنگال و ئێستاش لە قۆناخی یەکەمدا 18 گۆڕیان بە تەواوی ئامادە کراون بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵدانەوەیان دەست پێ بکات.
بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی تەواو لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کراوە تاوەکو تیمەکانی هەردوولا بە شێوەیەکی هاوبەش دەست بە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بکەن.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە و دیاریکردنی کات و شێوازی کارکردنی مەیدانیی تیمەکان، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی ئاییندەدا شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی رێکارە هونەری و یاساییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق یەکلایی بکرێنەوە.
لە کاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر قەزای شنگال لە مانگی ئابی 2014، سەدان تاوانی کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان ئەنجام دران و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەڤەرەکە بەجێمان، تا ئێستاش پرۆسەی هەڵدانەوە و ناسینەوەی رووفاتی قوربانییان لە رێگەی پشکنینی (DNA) بەردەوامە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شایستە بە خاکی نیشتمان بسپێردرێنەوە.