گرووپێکی چەکدار: ئەمریکا ئاسمانی عێراق بەکاربهێنێت بە توندی وەڵامی دەدەینەوە
گرووپێکی چەکداریی عێراق هۆشداریی بە ئەمریکا دەدات، ئەگەر خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، بە توندی وەڵامیان دەبێت.
عەلی فەتلاوی، گوتەبێژی بزووتنەوەی "ئەنسار ئەڵڵای ئەوفیا" کە بەشێکە لە بەرەی بەرەنگاری (موقاوەمە)ـی ئیسلامیی عێراق، لە پەیامێکدا جەختی کردەوە، بزووتنەوەکە بێلایەن دەمێنێتەوە ئەگەر عێراق نەکرێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
گوتەبێژی بزووتنەوەکە داوای لە ئەمریکا کرد پابەند بێت بە نەبەزاندنی ئاسمانی عێراق. گوتیشی، هەر پێشێلکارییەک بەرانبەر سەروەریی عێراق بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، سروشتی وەڵامدانەوەکەیان بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن سەرکردایەتییەوە و بەپێی پێداویستییەکانی قۆناخەکە دیاری دەکرێت.
لە چەند مانگی ماوەی رابردوودا گرژییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی ئەمریکا زیادیان کردووە، بەتایبەتی بەهۆی پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا.
بزووتنەوەی "ئەنسار ئەڵڵای ئەوفیا" یەکێکە لەو گرووپانەی سەر بە "بەرگریی ئیسلامیی عێراق" و پێشتر لەلایەن واشنتنەوە خرابووە لیستی تیرۆرەوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، ئەو گرووپانە زیاتر لە 170 جار ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سەربازی و چاودێریکردن.