کۆشکی سپی: ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ تاران تا بگاتە رێککەوتن

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت: گەر ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن ئێستا باشترین کاتە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاند، ئەگەر تاران خواستی گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، ئەوا ئێستا باشترین دەرفەتە.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی رەتی کردەوە دەرەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئێران هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەرپرسە بەدووری نەزانی لەدوای هەڵبژاردنەکان هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، چونکە ترەمپ مەیلی ئەم هەنگاوەی هەیە.

سەبارەت بە رەوتی دانوستانەکان، بەرپرسەکە ئاشکرای کرد، گفتوگۆکانی ئێستا بە نێوەندگیریی قەتەر ئاماژەی ئەرێنییان تێدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوو بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن ماونەتەوە.

یەکەم بەربەست ئەوەیە ئەمریکا مەرجی دەستبەرداربوونی ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە. لە بەرامبەردا، ئێران دەیەوێت سەرەتا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت و رێگەی پێ بدرێت نەوتەکەی هەناردە بکات.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی روونیکردەوە، جەی دی ڤانس و ستیڤ ویتکۆف پێیان باشە دانوستان لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ گومانی هەیە ئێران رێککەوتنێکی گونجاو واژۆ بکات.