دامەزراوەی کوردستان24 لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا، بەڵێنی نوێ بە بینەرانی دەدات
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن؛ لە 11مین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشیدا، کارنامەی دامەزراوەیەک دەخەینە بەر باس کە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە دامەزراوە. کوردستان24 بووەتە زمانحاڵی نیشتمانیبوون، رێبازی کوردستانیبوون و کولتووری پێکەوەژیان و هزری دەوڵەتسازی، هاوکات داکۆکیکارێکی سەرسەختی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
ئەم دامەزراوەیە بە زمانێکی کوردیی پاراو و سەنگین و بە پێنج زمانی زیندووی جیهان، دەنگی رەوای خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیەوە لە ناوخۆ و تاراوگە گەیاندووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
ئەم یادە وێستگەی وەفاداری و رێزگرتنە لەو کاروانە دڵسۆزەی بەردی بناخەی دامەزراوەکەیان دانا و لەپێناو خستنەڕووی راستی و بەرەوپێشبردنی پەیامی میدیاییدا ماندووبوون. هەروەها دەستخۆشی لە تەواوی کارمەندان و نەوەی نوێی رۆژنامەنووسانی گەنج دەکرێت، کە ئەمڕۆ بە هەمان بیروباوەڕی نیشتمانییەوە درێژە بە پەیامەکە دەدەن و سەنگی کوردستان24 دەپارێزن.
کوردستان24 ئەزموونی 11 ساڵەی خۆی وەک دواوێستگەی ئامانجەکانی نابینێت، بەڵکو دەیکاتە بناخەیەکی پتەو بۆ بنیادنانی قۆناخێکی گەشەسەندووتر. لە سەردەمێکدا کە پیشەسازیی میدیا و شێوازی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری گۆڕانی ریشەییان بەسەردا هاتووە، دامەزراوەکەمان پێشەنگانە هاوشانی نوێگەرییەکان هەنگاو دەنێت، بێ ئەوەی سازش لەسەر نەگۆڕە نیشتمانییەکان و پێوەرە ئەخلاقییەکانی بکات.
کوردستان24 ئەرکی میدیا تەنیا رووماڵکردنی رووداوەکان نابینێت، بەڵکو پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە بە ئەرکی خۆی دەزانێت. لە دەستپێکی ساڵێکی نوێی کارکردندا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر ئەم پرەنسیپە جێگیرانە دەکاتەوە:
پێشخستنی راستی بەسەر خێراییدا: کوردستان24 دروستیی هەواڵ ناکاتە قوربانیی پێشبڕکێی خێرایی. چەند خولەکێک دواکەوتن لەپێناو دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەکان، لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و پشتڕاستنەکراوە بە گرنگتر دەزانرێت.
پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان: ژیانی تایبەتیی هاووڵاتییان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان ناکرێنە کەرەستەی ورووژاندن، چونکە لەپشت هەر هەواڵێکەوە مرۆڤێک، خێزانێک و کەرامەتێک هەیە کە پاراستنیان لە پێشینەی کارەکانە.
بەخشینی ئومێد و رەتکردنەوەی توندوتیژی: شاشە و پلاتفۆرمەکانی کوردستان24 نابنە گۆڕەپانی نمایشکردنی مەرگ و رەشبینی. دڵەڕاوکێ ناخرێتە نێو ماڵەکانەوە، چونکە هەواڵ تەنیا دیوە تاریکەکان نییە، بەڵکو ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان شایستەی دەرخستنن.
بەشداری لە سەقامگیری و هۆشیاریی گشتیدا: کوردستان24 تەنیا گوازەرەوەی گرفتەکان نابێت، بەڵکو دەبێتە سەکۆیەک بۆ خستنەڕووی چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و پشتیوانیکردن لە سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
پاراستنی متمانە لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا: لە کاتێکدا نوێترین تەکنەلۆژیا دەخرێتە خزمەتی کاری میدیایی، رۆڵێکی چاودێرانە دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی تاک و کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی بەهەڵە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە دروستکردنی دەنگ، وێنە و ڤیدیۆی ساختە و چەواشەکردنی رای گشتی.
لە دەستپێکی 12مین ساڵی تەمەنی کارکردندا، کوردستان24 وەبەرهێنانی زیاتر لە سەرمایەی مرۆیی، توانای رۆژنامەنووسانی گەنج، پەرەپێدانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و بەرزکردنەوەی ستانداردە پیشەییەکاندا دەکات. بە پشتبەستن بە متمانەی بینەران، پەیمان نوێ دەکرێتەوە کە کوردستان24 هەمیشە وەک دامەزراوەیەکی سەنگین، راستگۆ و نیشتمانپەروەر، لە خزمەتی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە.