عێراقچی: هیچ پلانێمکمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ واشنتن نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەوڵی لایەنی ئەمریکی بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بە شێوەیەکی فراوانتر، هەنگاوێکی ئەرێنییە، هاوکات روونیکردەوە، نامەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوە باڵاکاندا بە وردی تاوتوێ کراوە.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە گوتی: "ئەگەر ئامانجی واشنتن لە نامەکەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، نانەوەی ناکۆکییەکان بێت، ئەوا ئەو هەنگاوە هەڵەیەکی نوێ دەبێت کە دەخرێتە سەر هەڵە پێشووەکانیان".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە هەن، تەنیا لێکدانەوەی میدیایین. عێراقچی جەختیکردەوە، پێویستییەک بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان نابینن، چونکە مەرجەکانیان روونن و نێوەندگیەرەکان لە راوێژەکانیان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
عێراقچی گوتی: "دوای ئەوەی واشنتن بە مەرجەکانمان رازی دەبێت، بڕیار دەدەین کە ئایا دانوستانەکان راستەوخۆ دەبن یان ناڕاستەوخۆ". هاوکات ئاشکرایکرد، شاندێکی ئێرانی بەرەو دەوحە بەڕێکەوتووە و یاریدەدەرەکەشی لە قەتەرە بۆ بەردەوامیدان بە راوێژەکان.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، نێوەندگیەرە قەتەری و پاکستانییەکان لە راوێژەکانیان لەسەر مەرجەکانی ئێران بەردەوامن و پێشنیارگەلێکیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی پێشکەش کردووە کە لە قۆناخی دووەمدا تاوتوێی دەکەن. عەراقچی لە کۆتاییدا سوپاسی قەتەر و پاکستانی کرد بۆ هەوڵەکان و پەیوەندییە بەردەوامەکانیان.
رۆژنامەی واشنتن پۆست هەینی وردەکاریی ئەو نامەیەی ئاشکرا کرد کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەی موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاند: "نامەکەی ڤانس جەختی لەسەر پێشینەی بەرژەوەندی نیشتمانی کردووەتەوە، چ بۆ ئەمریکا و چ بۆ ئێران لە دانوستانەکاندا". ئەو بەرپرسە روونیکردەوە کە ڤانس جەختیکردەوە بەرژەوەندی سەرەکی ئەمریکا لەوەدایە دڵنیایی بدات ئێران دەست بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئیدارەی ترەمپ تەنیا رەزایی بەو کەسە دەزانێت کە توانای دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر دانوستانەکانی هەیە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆشکی سپی پێیوایە هەلەکانی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە کەمبوونەوەدان.
بە گوتەی هەمان بەرپرس، ڤانس بەرژەوەندی ئێران وەک ئەوە وێنا دەکات کە لە بنیاتنانەوەی ئابووریی وڵاتەکەدایە کە بەهۆی جەنگ و سزاکانەوە ماندوو بووە، لەگەڵ پاراستنی سەروەری نیشتمانی. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە کە ڤانس پێداگریی کردووە پێویستە ئێران نوێنەرێک بنێرێت کە دەسەڵاتی پێویستی هەبێت بۆ تاوتوێکردنی پرسە ئەتۆمییەکان.