گەیلان حاجی سەعید: کوردستان24 هەمیشە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی هەواڵ و زانیاریی بووە
سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی یازدەیەمین ساڵەی دەستپێکی پەخشی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.
لە پەیامەکەی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان هاتووە: "بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکەتانەوە، بە ناوی خۆم و جێگران و ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی ژوورەکان، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم".
هەروەها، سەعید رۆڵی کەناڵەکەی بەرز نرخاند و رایگەیاند، کوردستان24 هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی هەواڵ و زانیاری کاری کردووە لە گواستنەوەی رووداوەکاندا، بەتایبەت لە رووماڵکردنی رووداوە ئابوورییەکان، پیشاندانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنەکانی کەرتی پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، کشتوکاڵی و بازرگانی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گەیلان حاجی سەعید هیواخواست کە ئەم ساڵیادە ببێتە هاندەرێکی نوێ بۆ زیاتر خستنەڕوویی ئاوەدانی و ئارامی کوردستان بە جیهاندا.