ئەشواق جاف: کوردستان24 قارەمانێتییەکانی پێشمەرگەی بە جیهان ناساند

د. ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق
د. ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق

ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق، لە پەیامێکدا بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی، ستاف و بینەرانی کەناڵەکە کرد و ستایشی رۆڵی مێژووییی دامەزراوەکەی کرد لە ناساندنی نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆردا بە جیهان، کە وایکرد ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی و باوەڕپێکراو بۆ میدیا نێودەوڵەتییەکان.

شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ئەشواق جاف، باڵیۆزی کۆماری عێراق، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی و دەستخۆشیی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، دەستەی بەڕێوەبردن، سەرجەم میدیاکاران، کارمەندان و بینەرانی ئەو دامەزراوە میدیایییە کرد.

ئەشواق جاف لە دەستپێکی پەیامەکەیدا، گەرمترین پیرۆزباییی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: کەناڵی کوردستان24 وەک میدیایەکی نیشتمانی و بەرپرسیار، لە کاتی جەنگی دژ بە تیرۆردا قارەمانێتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی بە هەموو جیهان ناساند و، توانی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کەناڵ و ئاژانسە جیهانییەکان.

باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بە پابەندبوونی پیشەییی کەناڵەکە کرد و گوتی: کوردستان24 بە پێشکەشکردنی هەواڵی راستگۆ و پابەندبوونی بەردەوام بە ئیتیکی رۆژنامەوانی، هەمیشە لە گەیاندنی راستییەکاندا بە کۆمەڵگە و رای گشتی سەرکەوتوو بووە.

ئەشواق جاف دەستخۆشی لە ماندووبوونی ستافی کەناڵەکە کرد و گوتی: لەم یادە پیرۆزەدا، وێڕای دەستخۆشیم، ماندووبوون و هەوڵە دڵسۆزانەتان بۆ خزمەتکردنی نیشتمان بەرز دەنرخێنم؛ ئێوە هەمیشە بە پیشەییبوون و رەچاوکردنی باڵاترین پرەنسیپەکان، ئەرکە نیشتمانییەکانتان ئەنجام داوە.

باڵیۆزی کۆماری عێراق هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ کەناڵی کوردستان24 خواست و  رایگەیاند :هیوادارم کاروانی میدیاییتان هەمیشە لە لوتکەی سەرکەوتن و پێشکەوتندا بێت لە خزمەتکردنی زیاتری نیشتماندا.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.