سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندانی کەناڵەکە کرد؛ ناوبراو جەختی کردەوە کە کوردستان24 بە هەڵگرتنی پەیامێکی نیشتمانی و پابەندبوون بە بنەما پیشەیییەکان توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی زانیاری بۆ گەیاندنی رووداوەکان.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پەیامێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، سەرجەم رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە کرد و تێیدا نووسیویەتی: "گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم."

لە پەیامەکەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا هاتووە، کەناڵەکەتان هەر لە سەرەتای کاریەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بە هەڵگرتنی پەیامێکی نیشتمانی و پابەندبوون بە بنەما پیشەیییەکان، توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی زانیاری و دەنگێکی راستگۆ بۆ گەیاندنی رووداوەکان.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.