فراکسیۆنی پارتی: کوردستان24 پێشەنگە لە پاراستنی ئامانجە نیشتمانییەکان

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردستان24، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە، دەستکەوت و پێشەنگیی کوردستان24 لە گەیاندنی پەیامی راستی و پاراستنی ئامانجە نیشتمانییەکان بەرز دەنرخێنێت.

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی ستاف و کارمەندانی دەزگاکە کرد.

لە پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە:بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگاکەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو کارمەند و رۆژنامەنووسانی کوردستان24 دەکەین."

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لە پێگە و سەنگینیی پەیامی میدیایی کەناڵەکە کردووەتەوە و دەڵێت: دەستکەوت و پێشەنگیی ئێوە لە گەیاندنی پەیامی راستی و پاراستنی ئامانجە باڵا و نیشتمانییەکاندا، هەمیشە جێگەی رێز و شانازییە؛ هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی گەورەترتان بۆ دەخوازین لە کاروانی داهاتووتاندا.

11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.