لە سلێمانی بنەتۆ دەدرێتە ئافرەتانی جووتیار
لە ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە چوارچێوەی پرۆژەی "ئافرەتان و زەوی"دا دەستکرا بە دابەشکردنی بنەتۆ بەسەر جووتیارانی ئافرەتدا. پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئامانج لەم هەنگاوەش پاڵپشتیکردنی ئافرەتانە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری.
لە درێژەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەتان لە ناوچەکە، لە ناحیەی پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی، قۆناخی دووەمی پرۆژەی "ئافرەتان و زەوی بۆ کشتوکاڵ" دەستیپێکرد.
پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی ئەنجامدەدرێت. ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە کارکردنە لەسەر رۆڵی مێژوویی ئافرەتان، کە دەمێکە لە گوند و کێڵگەکاندا پاڵپشتی پیاوان بوون لە بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵیدا، تا ئەمڕۆ ببنە خاوەنی داهات و ئابوورییەکی سەربەخۆی خۆیان، بە تایبەتی لە رێگەی بەرهەمهێنانی گەنمەوە.
لە قۆناخەکانی پێشووتردا، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی جووتیار لەم پرۆژەیە سوودمەند بوون؛ راهێنانی تایبەتیان پێدراوە و رێنمایی کراون لەسەر ئەوەی چۆن بتوانن بەرهەمی زەوییەکانیان زیاد بکەن، بەرهەمێکی بەپێز پێشکەش بکەن و بە باشترین شێوە خزمەتی کێڵگەکانیان بکەن.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆژەکەدا، لە ناحیەی پیرەمەگروون بنەتۆ بەسەر 10 جووتیاری ئافرەتدا دابەشکرا. ئەمە وەک قۆناخی سەرەتایی پرۆژەکەیە و لە قۆناخەکانی داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتری ئافرەتان بەشدار دەبن.
لە پرۆژەکەدا جگە لە دابەشکردنی بنەتۆ، رێنمایی تەواو دەدرێتە بەشداربووان لەسەر چاندن، چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەرهەم و ساخکردنەوەی لە بازاڕەکاندا، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام و گەیشتنیان بە سەربەخۆیی ئابووری.