پاکستان بۆ ئەفغانستان: تیرۆر هێڵی سوورە و ئاسایشی نیشتمانیمان دانوستانی لەسەر ناکەین

پاکستان رایگەیاند بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە رێکاری پێویست بەگوێرەی یاسا دەگرێتە بەر. ئیسلامئاباد هۆشداری دایە تاڵیبان کە شکستهێنانی کابوڵ لە رێگریکردن لە چالاکییە تیرۆریستییەکان لە خاکەکەیەوە، هێشتا وەک ئاستەنگێکی سەرەکی لە بەردەم باشتربوونی پەیوەندییەکان ماوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، کەناڵی جیو-ی پاکستانی لە زاری وەزارەتی زانیارییەوە بڵاویکردەوە، لە بەیاننامەیەکدا دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە سەرکردایەتیی تاڵیبان بەردەوامە لە تاوانبارکردنی سیاسەتەکانی ئیسلامئاباد و خۆی لەو کێشە سەرەکییە دەبوێرێت کە بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان، ئەویش بوونی پەناگەی تیرۆریستانە لە ئەفغانستان.

وەزارەتەکە رایگەیاند هەڵوێستی پاکستان روونە و تیرۆر هێڵی سوورە، هاوکات ئاسایشی هاووڵاتییانی پاکستان جێگەی دانوستان نییە. ئیسلامئاباد بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر ئەو پەناگانەی چەکداران لە سنوورەکاندا، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشەکەی، بێدەنگ نابێت.

وەزارەتی زانیاری جەختیکردەوە، پاکستان مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەبنەوە، لە هەر سەرچاوەیەکەوە بن.