لەمەودوا "فلای ئەربیل" وەک هێڵێکی نیشتمانیی سەربەخۆ کار دەکات
کۆمپانیای "فلای ئەربیل" دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی کارەکانی وەک هێڵێکی نیشتمانی راگەیاند و بەدەستهێنانی بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانیی عێراقی پشتڕاستکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی تشرینی دووەمی 2026، لاوەند مەموودی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای "فلای ئەربیل" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، بە فەرمی دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیاکەی وەک هێڵێکی راستەوخۆی نیشتمانی راگەیاند.
لاوەند مەموودی ئاماژەی بەوە دا، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیویانە بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بەدەستبهێنن. بەمەش فلای ئەربیل بووەتە هێڵێکی ئاسمانیی نیشتمانی و بە شێوەیەکی راستەوخۆ گەشتەکانی دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای "فلای ئەربیل" باسی لەوە کرد، ئەو هێڵە ئاسمانییە پێشتر لەژێر ناوی کۆمپانیای "ئور" کارەکانی دەکرد، بەڵام لەمەودوا قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی فەرمی تەنیا بە ناوی "فلای ئەربیل" دەناسرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کەرتی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق. هەروەها ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی و ئاسایش جێبەجێ بکات و ببێتە پردێکی بەهێز بۆ بەستنەوەی هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراق بە وڵاتانی جیهانەوە.
لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوەی فلای ئەربیل کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی دەبێت لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و ئابووری و ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات.
کۆمپانیای فلای ئەربیل لە ساڵی 2015 وەک یەکەم هێڵی ئاسمانیی کوردی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە. بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و شەڕی داعشەوە، کۆمپانیاکە یەکەم گەشتی ئاسمانیی خۆی بۆ ساڵی 2018 دواخست.
لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2026، فلای ئەربیل توانی بڕوانامەی کارپێکردنی ئاسمانی (AOC) لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بەدەستبهێنێت. ئەم بڕوانامەیە رێگە بە کۆمپانیاکە دەدات وەک هێڵێکی ئاسمانیی نیشتمانیی سەربەخۆ کار بکات و فڕۆکەکانی بە ناوی خۆیەوە بفرن، لە کاتێکدا پێشتر بۆ ئەنجامدانی گەشتەکانی پشتی بە هێڵەکانی دیکەی وەک "ئور" دەبەست.