ئەمڕۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی کۆتایی دێت
وادەی لێخۆشبوونی گومرگی بە رێژەی 15% بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێد کۆتایی دێت و دوای دووجار درێژکردنەوەی وادەی لێخۆشبوونەکە ئەمجارە بڕیارەکە درێژ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، جەوهەر مەحموود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرێد پێشتر دوو جار درێژکراوەتەوە، بۆیە دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی لە ئەمڕۆدا، بە هیچ شێوەیەک بڕیاری نوێ بۆ درێژکردنەوەی دەرناکرێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل بەو لێخۆشبوونە هاوردە کراون و بازرگانان سوودمەند بوون. لە بەرامبەردا، بازرگانان داوای درێژکردنەوەی وادەکەیان دەکرد و هۆشداری دەدەن ئەگەر لێخۆشبوونەکە نەمێنێت، نرخی ئۆتۆمبێلەکان لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە.
بازرگانان روونیان کردەوە "ئەگەر بڕیاری لێخۆشبوونەکە درێژ نەکرێتەوە، گومرگی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مایڵد هایبرێد کە نرخەکەی 20 هەزار دۆلارە، دەگاتە 3 هەزار دۆلار و ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلەکان بە رێژەی 15% لە بازاڕدا".
بەپێی نووسراوێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئۆتۆمبێلی هایبرێد لە 21ـی ئابەوە تا ئەمڕۆ 1ـی تشرینی دووەم درێژکرابووەوە. لە ئەمڕۆ بەدواوە، پرۆسەی گومرگکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.