موحسین رەزایی: ئیسرائیل دوای ئێران هێرش دەکاتە سەر دوو وڵاتی دیکە
موحسین رەزایی، سکتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی چوارقۆڵی دا، کە دووشەممەی رابردوو لە تاران بەرێوەچوو، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە گوتیەتی، ئیسرائیل دوای تەواوبوونی لە ئێران، هێرش دەکاتە سەر تورکیا و پاشان سعوودیە.
موحسین رەزایی لە گێڕانەوەی قسەکانی خالید بن سەلماندا گوتی "میر خالید رایگەیاندووە دوای ئێران، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تورکیا و پاشان دێتە سەر ئێمە، واتە سعوودیە". رەزایی روونیکردەوە، ئەو سێ وڵاتە خۆیان داوای سەردانەکەیان کردووە و نوێنەرانیان بە توندی دژی ئیسرائیل قسەیان کردووە، رەزایی سەبارەت بە پابەندبوونی ئەو وڵاتانە گوتی "پێم وایە ئەوان لە زۆرێک لە دۆستەکانی ئێمە زیاتر بوونەتە حزبوڵڵایی".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە هەڕەشەی ئیسرائیل دەربڕیوە، موحسین رەزایی ئەوەشی خستەڕوو، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان باسی هەڕەشەی ئیسرائیلی کردووە و رایگەیاندووە، پەیوەندییەک لەنێوان هیندۆس و جووەکان دژ بە موسڵمانان و دژ بە پاکستان دروست دەبێت. رەزایی ئاشکرایکرد، هەموو لایەنەکان لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان رێککەوتوون و وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە، تورکیا و پاکستان دەتوانن بۆ گفتوگۆی زیاتر سەردانی تاران بکەن. ئەو کۆبوونەوەکەی بە بەشێک لە هەوڵێک بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی هەرێمی وەسف کرد، کە وڵاتانی ناوچەکە سەرکردایەتیی بکەن نەک هێزە دەرەکییەکان.
بەگوێرەی سی ئێن ئێن و میدیاکانی ئێران، کۆبوونەوەکە دووشەممەی رابردوو لە کۆمەڵگەی سەعدئابادی تاران بە سەرپەرشتیی موحسین رەزایی بەڕێوەچوو و مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدار بوون، بەپێی ئاژانسی ئیرنا و ئەنادۆڵ، هەر چوار لایەنەکە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان لە بوارەکانی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی.
سعوودیە، تورکیا و پاکستان لایەنی رێککەوتنی هاوبەشی بەرگریی مەککەن کە لە 7ـی ئاب واژۆ کراوە و بەپێی ئەو رێککەوتنە، هێرشکردنە سەر یەکێک لەوان بە هێرشکردنە سەر هەموویان دادەنرێت. سعوودیە و تورکیا رایانگەیاندووە کە رێککەوتنەکە بەرگرییە و ئامانجی هیچ دەوڵەتێک نییە. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە سەردانەکەی دووشەممەی خالید بن سەلمانی وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هاندانی گفتوگۆ، چارەسەری دیپلۆماسی و پشتگیریکردنی نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان وەسف کردووە و هیچ ئاماژەیەکی بە ئیسرائیل نەکردووە.
ئەم قسانە لە کاتێکدان کە ئێران هەوڵ دەدات سەردانەکە وەک نیشانەیەک بۆ هاوئاهەنگیی هەرێمی پێشان بدات، لە کاتێکدا ئەمریکا خۆی بۆ هێرشی ئەگەریی نوێ دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە 3ـی تشرینی دووەم ئامادە دەکات، لە هەمان دیمانەدا موحسین رەزایی رایگەیاند، ئێران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.