میسر و بانکی نێودەوڵەتی رێککەوتنێکی داراییان واژۆ کرد
حکوومەتی میسر رێککەوتنێکی نوێی دارایی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی واژۆ کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمی بەرنامەی دارایی سیاسەتەکانی گەشەپێدان، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی چاکسازییە پێکهاتەییەکان و بەهێزکردنی توانای ئابووریی وڵاتەکە لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکاندا.
ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمی بەرنامەی "دارایی سیاسەتەکانی گەشەپێدان (DPF)" دێت، کە سەر بە بەرنامەی فراوانتری بنیاتنانی خۆڕاگری و رەخساندنی دەرفەتە میسر. تەوەری سەرەکیی بەرنامەکە بریتییە لە باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان، بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت، بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و هەنگاونان بەرەو ئابووریی سەوز.
لە پەراوێزی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا، بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند؛ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەوڵەتە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قەرزی ئاسانکاریپێکراو بۆ پاڵپشتیی ئابووری و بەرزکردنەوەی توانای
کێبڕکێی، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر ئابووریی جیهان.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەش کرد، پەسەندکردنی ئەم قەرزە نیشانەی متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە بە هەنگاوەکانی چاکسازی کە قاهیرە گرتوویەتییەبەر، بەتایبەت لە پرسی فراوانکردنی بەشداریی کەرتی تایبەت لە چالاکییە ئابوورییەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنان.
پێشتر لە ئایاری رابردوودا، ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی رەزامەندی لەسەر پاکێجێکی دارایی گشتگیر بە بەهای ملیارێک دۆلار بۆ میسر دەربڕیبوو.
ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆش بەشی دووەمە لە زنجیرەی سێ قۆناغی پاڵپشتییە داراییەکان کە بە مەرجی ئاسانکاریپێکراو پێشکەش دەکرێت.