نرخی زێڕ رووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو بووەوە

بەهۆی بەردەوامیی هەڵئاوسان و سیاسەتی توندی دارایی لە ئەمەریکا، شەپۆلێکی گەورەی فرۆشتن لە بازاڕەکاندا دروست بوو و نرخی زێڕی بۆ نزمترین ئاستی یەک ساڵی رابردوو دابەزاند، ئەمەش متمانەی وەبەرهێنەرانی بە داهاتووی ئەم کانزایە خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.

لە دوا مامەڵەکانی هەفتەدا، نرخی زێڕ ئاستی پاڵپشتیی سەرەکیی 3970 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک شکاند، هاوکات لەگەڵ زیانە خێراکانی پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، و لە خوار 3900 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا. بەمەش زێڕ لە ماوەی مانگی

تشرینی یەکەمدا بە رێژەی 12.7% دابەزی، کە ئەوەش خراپترین ئەدای مانگانەیەتی لە دوای قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008ـەوە.

لەوبارەیەوە، ئۆلی هانسن، سەرۆکی ستراتیژیی کاڵاکان لە "ساکسۆ بانک" رایگەیاندووە؛ زێڕ بەهۆی تێکچوونی نیشاندەرە هونەرییەکان و کەمبوونەوەی ئارەزووی کڕین لەژێر گوشارێکی تونددایە، هەرچەندە ئەو هۆکارە بنەڕەتییانەی لە درێژخایەندا پاڵپشتی لە بەهاکەی دەکەن، هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

دابەزینی نرخی زێڕ هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزە و زیادبوونی نیگەرانییەکان لە هەڵئاوسان، جگە لە ئەگەری ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمەریکا، ئەمەش وای کردووە وریایی و دوودڵی باڵ بەسەر بازاڕە جیهانییەکاندا بکێشێت.

بەپێی شیکارییەکانی ساکسۆ بانک، تێکچوونی ئاستە تەکنیکییەکان وای کردووە سندووقەکانی وەبەرهێنان (ETF) دەست بە کەمکردنەوەی پشکەکانی زێڕ بکەن. داتاکانی "بلومبێرگ" ئاشکرای دەکەن کە لە هەفتەی رابردوودا خاوەندارێتیی ئەو سندووقانە 6 تۆن زێڕ کەمی کردووە. لەبەر ئەوەی زۆربەی کڕینەکانی پێشوو لە سەرووی ئەم نرخانەوە ئەنجام دراون، دابەزینی بەردەوام زیانی نەهاتوو بەسەر وەبەرهێنەراندا دەسەپێنێت و ناچاریان دەکات دەستبەرداری بڕێکی زیاتر بن.

هەروەها داتاکانی گرێبەستە دواخراوەکان (COT) دەریدەخەن کە سندووقەکانی پاراستن بۆ نۆیەمین هەفتەی لەسەریەک فرۆشیاری زێڕ بوون، ئەمەش مەترسیی زیاتر دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر بازاڕی پشکەکان زیانی زیاتر بکەن، چونکە زۆرجار وەبەرهێنەران پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی زێڕ بە مەبەستی دەستکەوتنی "نەختینەی خێرا" بۆ داپۆشینی زیانەکانیان.

سەرەڕای ئەم پاشەکشەیە، شارەزایانی دارایی جەخت دەکەنەوە کە پایە ستراتیژییەکانی زێڕ نەگۆڕاون؛ بەرزبوونەوەی قەرزە گشتییەکانی دەوڵەتان، نیگەرانی لە سیاسەتی دارایی وڵاتان، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و هەوڵی چەندین دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار، بەردەوام وەک هۆکاری سەرەکی بۆ پاراستنی سەرمایە لە رێگەی زێڕەوە دەمێننەوە.