قەتەر: کەشتییەکی گازی سروشتیی شل لە کەنداوی عەرەبی کراوەتە ئامانج
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شلی وڵاتەکەیان لە کەنداو کراوەتە ئامانج و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد؛ دەوحە ئاماژەی بەوە دا کە لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدهەرانی رووداوەکە دەست پێ کردووە و جەختی کردەوە مافی خۆیانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵامی ئەم تەقەکردن و هەڕەشەیەی سەر ئاسایشی وزە و رێڕەوە ئاوییەکان بدەنەوە.
یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی شلی بە ناوی مایەدا کە خاوەنەکەی بۆ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی قەتەری دەگەڕێتەوە لە نێو کەنداوی عەرەبی هێرشی کراوەتە سەر.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو کردەوە شەڕانگێزیانە دەکەن کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی جیهانی دابینکردنی وزە؛ هاوکات هۆشداری لە مەترسییەکانی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناعەقڵانی و بێباکانەی دا، کە لێکەوتە قورسەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ئابووری جیهانی، بەتایبەت مەترسییە ژینگەیییەکانی سەر ژینگەی دەریایی و ئاسایشی ئاوی وڵاتانی ناوچەکە دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا قەتەر دووپاتی کردووەتەوە بە مافی خۆی دەزانێت بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سامانی وڵات، کەشتییەکان و تیمەکانی بکات؛ هاوکات باسی لەوە کردووە، لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو لایەنە هێرشەکەی ئەنجامداوە.