دیندار زێباری ستایشی کوردستان24 دەکات؛ "دەنگی کوردتان گەیاندووەتە جیهان"
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، سەردانی بارەگای سەرەکیی دامەزراوەکەی کرد و ستایشی رۆڵی پێشەنگانەی کەناڵەکەی کرد لە گواستنەوەی پەیام و دەنگی خەڵکی کوردستان.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، سەردانی بارەگای سەرەکیی دامەزراوەکەی لە هەولێر کرد و لە لایەن شاهۆ تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکەوە پێشوازیی لێ کرا.
لە میانی سەردانەکەیدا، زێباری بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی، رۆژنامەنووسان و سەرجەم کادیر و کارمەندانی کوردستان24 کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن لە ئەرکە میدیایییەکەیاندا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە دیدارەکەدا تیشکی خستە سەر رۆڵی بەرچاو و سەرکەوتووانەی کەناڵەکە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا و ستایشی هەوڵەکانی کرد لە گواستنەوەی ورد و بێلایەنانەی وێنەی راستەقینەی هەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ لە رێگەی شاشەی کەناڵەکەوە، یاخود لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانی لە رێگەی ماڵپەڕ و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
هاوکات دیندار زێباری پێزانینی خۆی بۆ ماندووبوونی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی دامەزراوەکە دەربڕی لە پێشکەشکردنی گوتار و ناوەڕۆکێکی میدیاییی پیشەییانە، کە بە پێنج زمانی زیندووی جیهانی پەخش دەکرێت؛ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ستراتیژە فرەزمانە دەستکەوتێکی گرنگە و رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی بۆ مەودایەکی فراوانی نێودەوڵەتی و رای گشتیی جیهان.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.


