پێشبینییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا دەکەن
لە کاتێکدا کەمتر لە 48 کاتژمێر بۆ دەستپێکردنی رۆژی سەرەکیی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە، پێشبینییەکان ئاماژە بە ئەگەری سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان دەکەن؛ هاوکات راپۆرتە دزەپێکراوەکانی کۆشکی سپی ئاشکرای دەکەن کە تیمەکەی دۆناڵد ترەمپ چەندین مانگە خۆیان بۆ لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس ئامادە کردووە و پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە تاوەکو لە رێگەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بڕیارەکانیان جێبەجێ بکەن.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دەرگای سندووقەکانی دەنگدان لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕووی دەنگدەراندا دەکرێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و 39 پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکان. ئەم هەڵبژاردنە بە راپرسییەکی راستەوخۆ لەسەر کارنامەی دوو ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت.
بەپێی راپرسییە گشتییەکان، دیموکراتەکان تا رادەیەکی زۆر مسۆگەرن لە بردنەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە کاتێکدا کێبڕکێ لەسەر ئەنجوومەنی پیران زۆر توندە و دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە چوار کورسییە بۆ ئەوەی باڵادەستیی کۆمارییەکان بە تەواوی کۆتایی پێبهێنن.
پلانی نهێنیی کۆشکی سپی بۆ حوکمڕانی بەبێ کۆنگرێس
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایان کردووە، یاریدەدەرە باڵاکانی ترەمپ لەوانە ستیڤن میلەر جێگری سەرۆکی کارمەندان، راسڵ ڤۆت بەڕێوەبەری بودجە، و ویڵ شارف راوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی، لە مانگی نیسانەوە خەریکی داڕشتنی کۆمەڵێک فەرمانی جێبەجێکردنن تاوەکو ترەمپ بتوانێت بە تەنیا و بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس حوکم بکات.
ئەم پلانانە بریتین لە:
سەپاندنی باجی گومرگیی نوێ لەسەر هاوردەکردنی کانزا دەگمەنەکان و کەرەستەکانی وزەی با.
توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەری و دانانی مەرجی قورس لەسەر ڤیزای خوێندکارانی بیانی و کرێکارانی کاتی.
دەستکاریکردنی بودجەی فیدراڵ، لە رێگەی گۆڕینی یاساکانی بەخشینی دارایی تا دەسەڵات بە بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی بدرێت بۆ دیاریکردنی ئەو پڕۆژانەی پارەی باجدەرانیان پێ دەدرێت.
ترەمپ ئامادەکاری دەکات پەنا بۆ راگەیاندنی "باری نائاسایی نیشتمانی" ببات بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکانی، چونکە کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافی ڤیتۆی سەرۆک پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان دەبێت.
بەشداریی مێژوویی؛ 53 ملیۆن کەس دەنگی پێشوەختەیانداوە
بەپێی نوێترین ئامارەکانی دامەزراوەی تاقیگەی هەڵبژاردن لە زانکۆی فلۆریدا، تا ئێستا زیاتر لە 53 ملیۆن ئەمریکی بە شێوەی راستەوخۆ لە بنکەکان یان لە رێگەی پۆستەوە دەنگی پێشوەختەی خۆیان داوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بێپێشینەیە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا و لە هەڵبژاردنی 2022 زیاترە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە بەشداریی دەنگدەرانی پارتی دیموکرات لە دەنگدانی پێشوەختەدا لە پێشەوەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی سێشەممەدا دەنگدەرانی کۆماری بە لێشاو بچنە سەر سندووقەکان.
جەنگی ئێران و گرانیی بژێوی؛ گەورەترین گورز لە ترەمپ
هۆکاری سەرەکیی پاشەکشەی کۆمارییەکان بۆ دۆخی ئابووری و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە؛ راپرسییەکی نوێی کەناڵی NBC دەریدەخات کە 60%ی گەلی ئەمریکا ناڕازین لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەت بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و کەلوپەل، کە بەهۆی جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێران زیاتر تەشەنەی سەندووە. هەروەها جەماوەری ترەمپ لە ناوچە گوندنشینەکاندا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و گەیشتووەتە 45%.
ترەمپ لە دوایین کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا لە هەردوو ویلایەتی ئایۆوا و کانزاس هەوڵی دا دەنگدەران رابکێشێت و بەڵێنی دابەشکردنی 5,000 دۆلاری بەسەر هەموو هاووڵاتییەکدا دا ئەگەر کۆمارییەکان بباتەوە، هاوکات دیموکراتەکانی بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەمریکا بۆ "سیستەمێکی کۆمۆنیستی" تۆمەتبار کرد.
لەم کێبڕکێیەدا، زیاتر لە 11 ملیار دۆلار لە رێکلامی هەڵبژاردندا خەرج کراوە، و ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و هاوپەیمانی نزیکی ترەمپ بە تەنیا نزیکەی نیو ملیار دۆلاری بۆ سەرخستنی کاندیدانی کۆماری بەخشیوە.
مەترسیی گەورەی دیموکراتەکان؛ لێکۆڵینەوە لە ترەمپ
ئەگەر دیموکراتەکان ئەنجوومەنی نوێنەران ببەنەوە، دەتوانن کۆنترۆڵی لیژنە سەرەکییەکان بکەن و دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت بانگهێشتنامەی فەرمی و فەرمانی دادگا بۆ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەربکەن.
دیموکراتەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، گەندەڵی، و پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ چەندین دۆسیەی هەستیاری دارایی. پارێزەرانی کۆشکی سپیش پێشوەختە هۆشدارییان داوەتە وەزیر و بەرپرسان کە لە نووسینی بەڵگەنامە فەرمییەکاندا زۆر وریابن بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر لێپێچینەوەی پەرلەمانتاران.
ئاڵۆزییە دادوەرییەکان لە ئالاسکا و کالیفۆرنیا
لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا، ناکۆکیی توندی یاسایی لە چەند ویلایەتێک سەریهەڵداوە: لە ویلایەتی ئالاسکا، کێبڕکێی کورسیی ئەنجوومەنی پیران لە نێوان سیناتۆری کۆماری دان سولیڤان و کاندیدی دیموکرات ماری پێڵتۆلا گرژیی گەورەی لێکەوتووەتەوە، دوای ئەوەی کاندیدێکی تر بە ناوی دانیال جەی سولیڤان ناوی لەسەر کارتی دەنگدان تۆمار کراوە و کۆمارییەکان دەڵێن بۆ تێکدانی دەنگەکانی کاندیدەکەیان دانراوە؛ وەزارەتی داد لەسەر فەرمانی ترەمپ دەیەوێت لە دادگا رێگری لە پەسەندکردنی ئەنجامەکان بکات.
لە کالیفۆرنیا: دادگای فیدراڵی داواکارییەکی وەزارەتی دادی بۆ راگرتنی جیاکردنەوەی 20 هەزار دەنگی پۆست رەتکردەوە، کە کۆشکی سپی بانگەشەی دەکرد گوایە دەنگی ئەو کەسانەن کە رەگەزنامەی ئەمریکییان نییە.
سەرجەم چاوەکان ئێستا لەسەر کاتژمێرەکانی شەوی سێشەممەن، کە تێیدا دەنگدەرانی ئەمریکا دیاری دەکەن ئایا ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتوودا بە تەواوی کۆتوبەند دەکرێت، یاخود کۆمارییەکان دەتوانن بەربەستەکان بشکێنن و بەردەوامی بە کۆنترۆڵی خۆیان بدەن.
بەگوێرەی دوایین نوێکردنەوەی نەخشەی چاودێریی دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی 2026 لە تۆڕی NBC News، تا ئێستا 53 ملیۆن و 924 هەزار و 480 هاووڵاتیی ئەمریکی لە سەرانسەری ویلایەتەکاندا دەنگی خۆیان داوە.
داتاکان دەریدەخەن کە بەشداربووان بەم شێوەیە دەنگەکانیان تۆمار کردووە:
دەنگدانی راستەوخۆ لە بنکەکاندا: 30.4 ملیۆن کەس.
دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە: 23.5 ملیۆن کەس.
دابەشبوونی دەنگەکان بەپێی ناسنامەی حزبی
لەو ویلایەتانەی سەر بە کام لایەن بوونی هاووڵاتییان تۆمار دەکرێت، دەنگدەرانی پارتی دیموکرات زۆرینەی بەشداربووانی دەنگدانی پێشوەختەیان پێکهێناوە:
پارتی دیموکرات: 46%
پارتی کۆماری: 35%
دەنگدەرانی سەربەخۆ و لایەنەکانی دیکە: 19%