ترەمپ کار بۆ هەناردەکردنەوەی گازی رووسیا بۆ ئەوروپا دەکات

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی خستووەتە روو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی رووسیا بۆ ئەوروپا لە رێگەی خاکی ئۆکرانیاوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی کەرتی وزە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوو وڵات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ"، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە میانەی سەردانەکانیاندا بۆ مۆسکۆ و کیێڤ تاوتوێی ئەم بیرۆکەیەیان کردووە. پلانەکە لەسەر ئەوە بنیاتنراوە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەک نێوەندگیر لە پرۆسەی فرۆشتندا بەشدار بن و داهاتەکە لە رێگەی هەژمارێکی بانکیی تایبەتەوە بەڕێوەببرێت؛ بەم جۆرەش کیێڤ لە کرێی تێپەڕبوونی گازەکە بە خاکەکەیدا سوودمەند دەبێت و مۆسکۆش بەشێک لە پشکی لەدەستچووی لە بازاڕی وزەی ئەوروپا بەدەستدەهێنێتەوە، هاوکات کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش دەستکەوتی داراییان دەبێت.

ئەم دەستپێشخەرییەی واشنتن بە تەواوی پێچەوانەی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپایە، کە پلانێکی هەیە تا ساڵی 2027 بە یەکجاری پشتبەستن بە وزەی رووسی کۆتایی پێبهێنێت. پایتەختەکانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی گەڕانەوەی گازی رووسیا پشتبەستنی ستراتیژییان بە مۆسکۆ دروستبکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەو هەوڵە چڕانەی لە چەند ساڵی رابردوودا بۆ هاوردەکردنی گازی شل لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دابوویان.

رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەمبارەیەوە نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رازی نەبوون بە جێبەجێکردنی، بەمەش بابەتەکە تەنیا لە چوارچێوەی بیرۆکە و گفتوگۆ سەرەتاییەکانی دانوستاندا ماوەتەوە.