لە پیرانشار پێشانگای شێوەکاریی "لە رەگەوە تا چیرۆک" کرایەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری پیرانشار پێشانگایەکی شێوەکاری بە ناونیشانی "لە رەگەوە تا چیرۆک" کرایەوە. 15 هونەرمەند بە 30 تابلۆ بە شێوازی رەنگ و رۆن سروشتی کوردستانیان نەخشاندووە و پێشانگاکە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، فێرگەی ''سپیدار'' پێشانگایەکی شێوەکاریی بە ناونیشانی "لە رەگەوە تا چیرۆک" کردەوە. پێشانگاکە بەرهەمی زیاتر لە دوو ساڵ هەوڵ و ماندووبوونی 15 هونەرمەندی لێهاتووی ناوچەکەیە کە لە 30 تابلۆدا تیشکیان خستووەتە سەر جوانی و شێوەی دارەکانی کوردستان و سروشتی پیرانشار و موکریان.
ئیحسان عەبدوڵڵاهی، هونەردۆست، لەبارەی پێشانگاکەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، هەروەک چۆن هەر دارێک لە سروشتدا چیرۆکێکی تایبەت بە خۆی هەیە، لێرەشدا ئەو چیرۆکانە لە چوارچێوەی تابلۆدا نەخشێنراون و نمایش کراون."
کارەکان لەژێر سەرپەرشتی و راهێنانی مامۆستا و شێوەکار ''ناسر دانشوەر''دا ئەنجام دراون و لە مەکتەبی هونەرمەند رەها موحسینی کرماشانی وەرگیراون. لەم بارەیەوە زەینەب خەلیلی، هونەرمەند و راهێنەر، گوتی: "بابەتی سەرەکیی تابلۆکان کە 'دار'ە، لەبەر ئەوە هەڵمانبژاردووە چونکە وڵاتەکەمان لە رووی سروشت و ژینگەوە زۆر دەوڵەمەندە."

ژینگە و تەرخانکردنی سەرجەم بەرهەمەکان بۆ بابەتی دار، خاڵی جیاکەرەوەی ئەم پێشانگایەیە. زانیار ئەفشاریان، هونەرمەند، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لە هەڵبژاردنی ئەم تەوەرە، دروستکردنی پەیوەندییەکی راستەوخۆ و هەستپێکراوە لەنێوان بینەر و تابلۆکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، خانمانی بەشداربوو جەخت لە گرنگیی کاری هونەری بۆ دەروونی مرۆڤ دەکەنەوە. ئارەزوو ئەلیاسی، هونەرمەند، پێشنیاز دەکات خانمان روو لەم بوارە بکەن و دەڵێت: "پێشنیاز بۆ ئەو خانمانە دەکەم کە تەنانەت تۆزقاڵێکیش خولیای کاری هونەرییان هەیە، روو لەم بوارە بکەن، چونکە کارێکی زۆر بەسوودە بۆ سەرقاڵبوون و ئارامییەکی گەورە بە روح و دەروونی مرۆڤ دەبەخشێت."

