کۆمپانیای ئەدنوک: بە هۆی دۆخی هورمزەوە خەریکە کۆگاکانی نەوت لە جیهان بەتاڵ دەبن

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبووزەبی دەڵێت: پەککەوتنی رێڕەوی دەریاییی گەرووی هورمز، فشارێکی گەورەی خستووەتە سەر دابینکردنی وزە و کۆگاکانی جیهان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، سوڵتان جابر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئەدنۆک) رایگەیاند، بەهۆی پەککەوتنی رێڕەوی دەریایی لە گەرووی هورمز لە ئەنجامی جەنگی دژی ئێران، نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی جیهان دەرهێنراوە، جابر هۆشداری دا، جیهان یەدەگە ستراتیژییەکانی نەوتی بەتاڵ کردووەتەوە.

سوڵتان جابر روونیکردەوە، دەرهاویشتەکانی ئەم قەیرانە تەنیا کەمبوونەوەی دابینکردن نین، بەڵکو کۆگاکانی بەرهەمە نەوتییەکانیشی گرتووەتەوە. ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی "کۆگاکانی گازوایل لە هەندێک ناوچەدا گەییشتووەتە نزمترین ئاستی وەرزیی خۆی لە 35 ساڵی رابردوودا". بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، کەلێنێک لە دابینکردنی گازی سروشتیی شلدا سەریهەڵداوە کە بە نزیکەی 600 ملیار پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریایییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، بڕێکی زۆر لە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتیی شل پێیدا تێپەڕ دەبێت. ئەم دۆخە وای کردووە هەر پەککەوتنێکی دەریایی لەم گەرووەدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی هەبێت.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، تێکڕای رۆیشتنی نەوت بە گەرووەکەدا لە ساڵی 2025 نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. ئەم بڕە بەرامبەرە بە نزیکەی 25%ـی بازرگانیی نەوتی دەریایی لەسەر ئاستی جیهان. زۆرینەی ئەم وزەیەش بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا و بەتایبەتی چین و هیندستان و ژاپۆن هەناردە دەکرێت.