مەریوان سەفائەدین "بۆ تۆ"ی بڵاوکردەوە

مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "بۆ تۆ"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە نوێیەم، لە دەقی مازیار فایەقە و هێمن رەسوولیان کاری بەرهەمهێنانی موزیکیی ئەنجام داوە، هەروەها تێکەڵکردن و ماستەرکردنی موزیکەکە لەلایەن بەرهەمهێنانی ئازا ئەنجام دراوە."

ئەو هونەرمەندە سەبارەت بە تۆمارکردنی بەرهەمەکەی گوتی، "لە بەشی ئامێرە موزیکییەکاندا، زانیار خەلیل بە کەمانچە، باڵا شێرزاد بە ساز و شاخۆ مورادی بە ڤیۆلین بەشدارییان لەم بەرهەمەدا کردووە. هەروەها هێرش جەمال وەک یاریدەدەر و هێژا عەبدوڵڵا لە بەشی پەیوەندی بە زیرەکیی دەستکردەوە بەشدارییان کردووە. هێمن رەسوولیانیش ئەرکی دەرهێنانی ڤیدیۆی گۆرانییەکەی لە ئەستۆ گرتووە."

مەریوان سەفائەدین باسی لەوەش کرد، "لە گۆرانیی بۆ تۆدا، هەوڵم داوە بەرهەمێک پێشکەش بکەم  لەگەڵ هەستی گوێگراندا نزیک بێت و بتوانێت جێگەی خۆی لە دڵیاندا بکاتەوە. هیوادارم دەنگ و ئاواز و وشەکانی ئەم گۆرانییە ببنە هۆی ئەوەی گوێگران بە دڵەوە گوێی لێ بگرن، چونکە ئامانجی سەرەکیی من ئەوەیە بەرهەمێک پێشکەش بکەم لە دڵی خەڵکدا بمێنێتەوە."

مەریوان سەفائەدین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1972، لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. مەریوان لە ساڵی 1993  لەرێگەی بەھجەت یەحیاوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە و ھەر لەو ساڵە یەکەم گۆرانیی خۆی بەناوی ھەی باوە باوە بڵاو کردووەتەوە.