کاری رێبەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان رێکدەخرێتەوە
لە چوارچێوەی پرۆسەی رێکخستنەوەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، کاری رێبەری گەشتیاری بە یاسایی دەکرێت و چیتر رێگە بە کاری هەڕەمەکی لەو بوارەدا نادرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوەی بۆ ئارەزوومەندانی ئەو بوارە دەستپێکردووە و وەرگرتنی مۆڵەتیش دەبەستێتەوە بە دەرچوون لە 2 تاقیکردنەوە.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی کاروباری گەشتیاری و رێگریکردن لە کاری هەڕەمەکی، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە دەستیپێکردووە کە ئارەزووی کاری رێبەری گەشتیاری دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا، دوای چاوپێکەوتن، تاقیکردنەوەی پراکتیکی بۆ بەشداربووان ئەنجام دەدرێت و هەر کەسێک لەو دوو تاقیکردنەوەیە دەرنەچێت، مۆڵەتی کارکردنی پێ نادرێت. هەروەها رایگەیاند دوای دەرچوونیان، خولی تایبەتی راهێنان لەسەر بەڕێوەبردنی گرووپە گەشتیارییەکانیان بۆ دەکرێتەوە.
سەبارەت بە مەرجەکانی بوون بە رێبەری گەشتیاری، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئاشکرای کرد، زیاتر لە 25 مەرج دانراون؛ دیارترینیان هەبوونی شارەزایی تەواو لە مێژوو، ناوچە گەشتیارییەکان و بۆنە نەتەوەییەکانە، هەروەها نەبوونی پێشینەی تاوان، ناسراوی و توانای بەکارهێنانی سیستمی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە باشی. ناوبردوو جەختیشی کردەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هیچ ژمارەیەک دیاری نەکراوە و هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بێت دەتوانێت ببێتە رێبەری گەشتیاری.
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ شەش کەس لە سنووری رواندز و 21 کەس لە سنووری چۆمان کردووە، لە رۆژانی داهاتووشدا پرۆسەکە لە مێرگەسۆر، خەلیفان و سۆران بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازی لە وەرز و گەشتی زستانە و گرووپەکانی شاخەوانی دەستپێکردووە و سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکەی ئاگادار کردووەتەوە، بە تەواوی ئامادە بن.