زیاتر لە 422 هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی عێراق کراوە
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 422 هەزار تۆن لە بەرهەمی کشتوکاڵیی خۆماڵی ڕەوانەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە، کە بەرهەمی پەتاتە پشکی شێری بەرکەوتووە و لە ریزبەندی یەکەمدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، لە رێگەی عەلوەی هەولێرەوە بە کۆی گشتی 422 هەزار و 919 تۆن لە 23 جۆر بەرهەمی جیاوازی خۆماڵیی جووتیاران هەناردەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراون.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتوون، لە نێو بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا پەتاتە لە ریزبەندی یەکەم دێت کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە.
پەتاتە؛ 100,447 تۆن
پیاز؛ 84,825 تۆن
شوتی؛ 58،75 تۆن
تەماتە؛ 41،968 تۆن
خەیار؛ 3،400 تۆن
کاڵەک 4،80 تۆن
کولەکەی سەوز؛ 2،40 تۆن
بیبەری سەوز؛ 408 تۆن
ترۆزی؛ 340 تۆن
چەوەنەر؛ 340 تۆن
کەلەرم؛ 272 تۆن
باینجان؛ 272 تۆن دێن، لە بەرانبەریشدا بەرهەمی کوارگی سپی کەمترین بڕی هەناردەکردنی تۆمار کردووە کە تەنیا 193 تۆن بووە.
سەبارەت بە هۆکاری جیاوازیی بڕی هەناردەکردنی بەرهەمەکان، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر روونی کردەوە کە بەرهەمە بنەڕەتییەکانی وەک پەتاتە، پیاز و تەماتە بەهۆی ئەوەی پێداویستیی سەرەکی و رۆژانەی سەبەتەی خۆراکی خێزانەکانن، خواستێکی زۆریان لەسەرە لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، بە پێچەوانەی ئەو بەرهەمانەی دیکە کە کەمتر یاخود تەنیا بە شێوەیەکی وەرزی خواست و بەکارهێنەریان هەیە.