کوردستان24 گەندەڵییەکی لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاشکرا دەکات

بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی دەستەی کارگێڕیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە لقی هەولێری سەندیکاکە زیاتر لە 7 ملیۆن دیناری ئابوونەی ئەندامان دیارنەماوە و نەگەڕێندراوەتەوە بۆ بەشی دارایی ئەنجوومەن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 بڕی 4 ملیۆن و 975 هەزار دینار و لە مانگی شوباتی 2026 بڕی 2 ملیۆن و 100 هەزار دینار (کۆی گشتی 7 ملیۆن و 75 هەزار دینار) ئابوونەی ئه‌ندامێتی ساڵی 2026 نەگەڕێندراوەتەوە بۆ دارایی ئەنجوومەن. لەبەر ئەو گرفتەش، سیستمی ئابوونه وەرگرتن لە لقی هەولێر لە مانگی ئادارەوە داخراوە، بەڵام ماوەی مانگێک و نیو بەبێ سیستم پارەی دیکە لە ئەندامانی لقەکە وەرگیراوە و تا ئێستا دیارنییە چەندە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە ماوەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی ئەمساڵ، لیژنەکە چەند دانیشتنێکی لەگەڵ سکرتێر و ئەندامانی لقی هەولێر کردووە و پێی راگەیاندوون: لەسەر رەزامەندی نەقیب مانگانە تەنیا یەک ملیۆن دینار بۆ لق خەرج دەکرێت و دەبێت باقی پارەکە بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی سیستم وەرگیراوە بە روونی دیاری بکرێت. دوای چەندین دانیشتن پرۆسەکە بێ ئەنجام بووە و دەرکەوتووە پارەکە لەسەر سکرتێر و ئەندامانی لق دابەشکراوە بە بەهانەی ئەوەی چەند ساڵێک بەبێ بەرامبەر کاریان کردووە و لە دەرماڵە بێبەش بوون.

لیژنەکە جەختی کردووەتەوە کە کارەکەی لقی هەولێر لە دەرەوەی رێنماییە داراییەکان و پەیڕەوی ناوخۆیە، هاوكات پێشتریش سکرتێری لقی هەولێر بە نووسراوی ژمارە 1165 لە 27-1-2020 هۆشداری پێدراوە، بەڵام هەمان سیناریۆی دووبارە کردووەتەوە و تەسفیەی بۆ خەرجیی ساڵانی 2014 و 2017ش نەکردووە.

لیژنەی لێکۆڵینەوە چەند بڕیارێکی لەبارەی دەستەی لقی هەولێر دەرکردووە:

1-باڵەخانەی لقی هەولێر دابخرێت و کرێی باڵەخانە لە دوای مانگی 2-2026 لقی هەولێر لێی بەرپرسیارە.
2-دەستەی لقی هەولێر بە سکرتێرەوە بێنە باڵەخانەی ئەنجوومەن و ژوورێکیان بۆ تەرخان بکرێت.
3-بەوردی دیاری بکرێت خەرجییەکانی لق و تەندەر لە ماوەی مانگەکانی یەکەمی ساڵی 2026 ئەوەی خەرجکراوە لەسەر بنەمای قەرزی ساڵانی پێشوو هەڵەیە و دەبێت لق چارەسەری بکات.
4-گەڕاندنەوەی پارەی ئابوونه بۆ ئەنجوومەن و دیاریکردنی بڕی ئەو پارەیەی لە دوای داخستنی سیستم وەرگیراوە.
5-راگەیاندنی ئەوەی سکرتێری لقی هەولێر ئامادە نییە ئەو ئابوونەیەی وەریانگرتووە بیگەڕێنێتەوە بۆ دارایی ئەنجوومەن، لە کاتێکدا کرێی 8 مانگی باڵەخانەی لقەکەشی نەداوە.