بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و ئامادەکاری بۆ زستان دەکرێت

کۆمپانیای دانەگاز کاری نۆژەنکردنەوە و سیانەی کێڵگەی گازی کۆرمۆری بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە و ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زیادبوونی خواست، ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و سیانەی کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە تەواوبووە و کێڵگەکە گەڕاوەتە دۆخی ئاسایی کارکردن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا بەهۆی فێنکبوونی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەکە کەمتر لە 300 ملیۆن پێ سێجایە و ئەم بڕەش پێداویستی وێستگەکانی کارەبا بۆ ئەم دۆخە دابین دەکات.

بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زیادبوونی خواست، کێڵگەی کۆرمۆر دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە قەبارەی نزیکەی 300 ملیۆن پێ سێجای دیکە بەرزبکاتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەم زیادکردنە دەبێتە هۆی دابینکردنی زیاتر لە 1,000 مێگاوات کارەبای دیکە بۆ تۆڕی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دابینکردنی خواستی هاوبەشان.

سەرچاوەکە دڵنیایی دا کە دۆخی کارەبا جێگیرە و ئەو پچڕانە تەکنیکییانەی لە هەندێک ناوچە هەن، پەیوەندییان بە کەمیی بەرهەمهێنانی کارەبا یان نەبوونی گازی سرووشتی لە وێستگەکانەوە نییە.