هەڵمەتێکی فراوان بۆ پشکنینی سەوزەی ناوچەی تانجەرۆ دەستیپێکرد

  لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ پشکنین و وەرگرتنی نموونەی سەوزە لە ناوچەی تانجەرۆ دەستپێکرد، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی بەرهەمەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان.

ئەمرۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند “دوای وەرگرتنی نموونەی ئەو سەوزانەی لەو کێڵگانە بەرهەم دەهێنرێن، لە تاقیگەکاندا پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت. ئەگەر لە پشکنینەکاندا دەرکەوت کە شیاوی خواردن و بەکارهێنانن، ئەوا جووتیاران دەتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان؛ بەڵام ئەگەریش پێچەوانەکەی دەرچوو و شیاو نەبوون، ئەوا سەرجەم ئەو کێڵگانە تێکدەدرێن.”

سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکان هۆشداریی تووندیشی دا و ئاماژەی بەوە دا، لە هەنگاوی تێکدانی کێڵگە نەگونجاوەکاندا، هەر کەسێک هەوڵی رێگریکردن بدات، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی و دادگا دەکرێتەوە.

بابان ئەحمەد جەختیکردەوە کە چاودێرییەکانی لێژنە هاوبەشەکان بەردەوام دەبن و رایگەیاند “هیچ کەسێک مۆڵەتی ئەوەی پێنادرێت لەپێناو دەستکەوتی ماددیدا، تەندروستی و سەلامەتیی هاووڵاتیان بکاتە قوربانی.”