سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەتەواوی لادەبرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوەتی لە سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد، ئامانج لەم هەنگاوەش هاندانی خاوەنکاران و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەرییە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری ژمارە 307ـی سەبارەت بە لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکردووە.

بڕیارەکە لە رێکەوتی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026 واژۆ کراوە و لەرێگەی نووسراوێکی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 14069، ئاراستەی نووسینگەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە دا، بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ژمارە 176ـی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە. ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکاریکردن و هاندانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، تاوەکو بۆ خزمەتکردنی کرێکاران، پاراستنی مافەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاربهێنرێت.

لەبارەی خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکەوە فەرمانگەکە ئەوەی خستەڕوو، لێخۆشبوونەکە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، بەو مەرجەی خاوەنکاران لە ماوەی 90 رۆژی کاردا تەواوی پارەی نەدراوی کەڵەکەبووی بەشدارییەکە بدەن.

هاوکات وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکات. هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەگرنەبەر و دواتریش لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.