نزخی گازی شل لە بەنزینخانەکانی سلێمانی دابەزی
لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی شل لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، نرخی گازی شلی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی سلێمانی دابەزینێکی دیکەی تۆمارکرد، بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی فەرمی گازی ماڵان نەبووە.
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی گاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، یەک لیتری نرخی گازی شلی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە 575 دینارەوە بۆ 500 دینار دابەزیوە، واتە نرخی یەک لیتر گازی بازرگانی لەناو بەنزینخانەکان 75 دینار دابەزیوە، هەروەها بۆ ئەو ماڵانەی خەزانی LPGیان هەیە، نرخی هەر لیترێکی گاز لە بەنزینخانەکان لە 540ـەوە دینارەوە بۆیان دابەزێندراوە بۆ 490 دینار.
سەرۆکی لیژنە گاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، هۆکاری دابەزینی نرخی گازی شلی بارزگانی گەڕاندووەتەوە بۆ زۆری بڕی ئەم سووتەمەنییە لە سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، دابەزینی نرخی گازی شلی بازرگانی و زیادبوونی ئەو سووتەمەنییە، هیچ کاریگەرییەکی نەکردووەتە سەر دابەزینی نرخی بوتڵی گازی ماڵان و نرخەکەی هەر وەک خۆی ماوەتەوە کە 9500 دینارە.
ئەمساڵ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و چەند جارێک هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کراوە و بەرهەمهێنانی گازی شل تاڕادەیەک کەم بووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازئ شلی بارزگانی و بۆ ماوەیەکیش قەیرانی سووتەمەنی سەریهەڵدا.