دەم پارتی بڕیاری گەڕانەوەی ئەندامەکانی لە لیستی جەهەپەوە راگەیاند
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە فەرمی رایگەیاند، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانی کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئاداری 2024 لە چوارچێوەی "پەیمانی شار" و لەسەر لیستی جەهەپە هەڵبژێردرابوون، لەمەودوا لەژێر ناوی دەم پارتی درێژە بە کارەکانیان دەدەن.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ستراتیژیەتی "پەیمانی شار" لەسەر بنەمای ئیرادەی هاوبەشی گەلانی دانیشتووی شارە گەورەکان، پێکهاتەکان و هێزە دیموکراتەکان پەیڕەو کرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت دانانی قەیووم بەسەر شارەوانییەکاندا، دەستگیرکردن و لەکارلادانی سەرۆک شارەوانییەکان و گۆڕانکارییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان؛ دەم پارتی دەڵێت "پاش ئەو رووداوانە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی کۆبوونەوە ئەنجامدرا و بڕیاریان داوە لەمەودوا وەک نوێنەری دەم پارتی بەردەوامی بە خەبات و کارەکانیان بدەن."
هاوکات پارتەکە دووپاتی کردووەتەوە کە بەم هەنگاوە، بەرپرسیارییەتیی خۆیان بەرامبەر بە دەنگدەران و دانیشتووانی شارەکانی ئیستەنبووڵ و مێرسین جێبەجێ دەکەن.
"پەیمانی شار" ستراتیژێکی تایبەتی هەڵبژاردن بوو کە پێش هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری 2024 لەلایەن دەم پارتییەوە ئامادەکرابوو. ئامانجی سەرەکیی ئەم ستراتیژە ئەوە بوو، لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبوڵ و مێرسین، توێژ و ئاراستە جیاوازە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە دەوری بەڕێوەبردنی خۆجێیی شارەکان کۆبکاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، دەم پارتی لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گەیشتە لێکتێگەیشتن، بەجۆرێک ژمارەیەک لە بەربژێرانی دەم پارتی لەسەر لیستەکانی جەهەپە بەشدارییان کرد و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بە بڕیارە نوێیەکەش، ئەو ئەندامانە بە فەرمی لە فراکسیۆنی دەم پارتیدا بەردەوام دەبن.