ناکۆکیی ترەمپ و ناتانیاهۆ لەبارەی کاتی هێرشکردنە سەر ئێران قووڵ دەبێتەوە
دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە خۆی راوێژ دەکات سەبارەت بە ئەگەری لەکارلادانی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و جەنەڕاڵ دان کین، سوپا سالاری ئەمریکا. رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس دێت و هاوکاتە لەگەڵ بوونی ناکۆکی لەنێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بە پشتبەستن بە گۆڤاری زی ئەتلانتیک بڵاویکردەوە، "ترەمپ دەستی بە وەرگرتنی بۆچوونی هاوپەیمانەکانی کردووە لەبارەی کار و هەڵسوکەوتی وەزیری جەنگ و سوپاسالاری وڵاتەکەی، ئەوەش دوای ئەو بەڵێنانەی پێشتر درابوون کە جەنگی دژی ئێران پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس بڕیارە سێشەممە بەڕێوەبچێت، کۆتایی دێت". بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەردەوامیی جەنگ بووەتە هۆی نیگەرانیی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت لە سایەی ترسی ئەوەی کاریگەری لەسەر دەرفەتی پارتی کۆماری بۆ پاراستنی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران هەبێت.
ئیدارەی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی سەربازیی نوێ دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنەکان. ئەو بژاردانە لە هێرشی سنووردارەوە کە چەند سەعاتێک دەخایەنێت تا هەڵمەتی سەربازیی بەرفراوان کە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت دەگۆڕێن، لەگەڵ ئەگەری بەئامانجگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران یان فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گرتنەوەی سیستەمەکانی بەرگری و ژێرخانی ئابووری.
هەفتەی رابردوو، ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری جەنگ، سوپاسالار و براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدا. ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان بوو بۆ ئەوەی ترەمپ بتوانێت رایبگەیەنێت سەرکەوتنی لە جەنگەکەدا بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، رۆژنامەکە لە زاری ماڵپەڕی ئەکسێوسـەوە گواستییەوە، ترەمپ و ناتانیاهۆ شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، کە تێیدا باسی رێڕەوی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و خشتەی کاتی ئەگەری بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووە. بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئەمریکی و ئیسرائیلی: "ناتانیاهۆ گوشار دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دژی ئێران دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا ترەمپ پێی باشە کاتی زیاتر بدرێت بە دانوستانەکان، ئەمەش نیگەرانیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە".
بژاردەکانی بەردەم ئیدارەی ئەمریکا گواستنەوەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت، لەگەڵ مانەوەی هەڕەشەی هەڵکشانی سەربازی یان کۆتاییهێنان بەو رێڕەوە. لە رێڕەوی دیپلۆماسیدا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کردووە و تیایدا پێشنیاری دەستپێکردنەوەی دانوستانی راستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران کردووە، بە مەرجی ئەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە سەرەتای دانوستانەکانەوە بخرێتە سەر مێز، بێ ئەوەی رابگەیەنرێت ئێران چی دەستدەکەوێت.
لە ئاستی ناکۆکییەکانی ناوخۆی ئیدارەی ئەمریکاشدا، پیت هێگسێت رووبەڕووی رەخنەی ژمارەیەک لە نزیکانی ترەمپ بووەتەوە، تۆمەتباری دەکەن بە پێشکەشکردنی هەڵسەنگاندنی زۆر گەشبینانە سەبارەت بە رەوتی جەنگەکە. یەکێک لە راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا گوتی: " هێگسێت شارەزایە لەوەی ئەو شتانە بە سەرۆک بڵێت کە دەیەوێت بیانبیستێت".
رۆژنامەکە رایگەیاندووە، وەزیری جەنگ بەم دواییە برێت سیلڤیا، بەڕێوەبەری پلاندانانی لە ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا لە پۆستەکەی لادا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دزەپێکردنی زانیارییە ئەمنییەکان، و زیاتر لە 20 جەنەڕاڵ و ئەدمیرالیش لەو کاتەوەی ئەو پۆستی وەزارەتی جەنگی وەرگرتووە، دەست لەکارکێشانەوەیان راگەیاندووە. راپۆرتەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکان لە ناو ئیدارەی ئەمریکا و ترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە، ئەوەش لە سایەی بەردەوامیی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر دیمەنی سیاسی لە واشنتن.