لە ئەمریکا هەڵبژاردنی نیوەی خول بەڕێوەدەچێت

دەنگدەرانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس روویان لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن. ئەم پرۆسەیە وەک تاقیکردنەوەیەکی جەماوەری بۆ ویلایەتی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت. ئاماژەکان دەریدەخەن پارتی دیموکرات دەتوانێت کۆنترۆڵی یەکێک لە ئەنجوومەنەکانی کۆنگرێس یان هەردووکیان بکاتەوە، ئەم دۆخەش توانای ئیدارەی کۆماری بۆ تێپەڕاندنی ئەجێندای یاسادانانیان لە دوو ساڵی داهاتوودا سنووردار دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەربژێران کێبڕکێ لەسەر 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران، لەگەڵ پۆستی حاکمی 36 ویلایەت دەکەن. دیموکراتەکان بۆ ئەوەی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە ببەنەوە، پێویستیان بە بەدەستهێنانی سێ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیران هەیە.

دیموکراتەکان لە ئەگەری بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێگەیەکی بەهێزیان لە دۆسیەکانی بودجەی فیدراڵی و چاودێریی یاساداناندا دەبێت. لە بەرامبەردا، ئەگەر کۆمارییەکان زۆرینەی خۆیان لە هەر کام لەو دوو ئەنجوومەنە لەدەست بدەن، جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی ترەمپ پێش دوو ساڵ لە کۆتاییهاتنی ویلایەتەکەی، تووشی ئاڵۆزی دەبێت.

هەڵبژاردنەکە لەسایەی فشاری ئابووریی سەر دەنگدەران بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای بەڵێنەکانی پێشووی ترەمپ بۆ دابەزاندنی نرخەکان، ئێستا هەڵاوسان، باجی گومرگی و بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی بەهۆی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارگرانیی ژیانیان لەسەر هاووڵاتییان زیاتر کردووە.

کۆمارییەکان بەرگری لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەکەن و جەختدەکەنەوە کەمکردنەوەی باج و توندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکانی کۆچبەران سوودی بۆ ئەمریکییەکان دەبێت. هاوکات بەربژێرانی دیموکرات بە خاوەنی ئاراستەی چەپی توند وەسف دەکەن.

ترەمپ لە دوایین دەرکەوتنی هەڵبژاردنیدا پێش دەنگدان، کەمتر باسی ئابووریی کرد و زۆربەی وتارەکەی بۆ باسی پرۆژەی نوێکردنەوەی حەوزی ئاوێنەیی لە واشنتن تەرخان کرد، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو پرسانە بکات کە دەنگدەرانی سەرقاڵ کردووە، وەک هەڵاوسان و جەنگی ئێران.

ترەمپ گوتی: "ئەم هەڵبژاردنەی نیوەی خولە گرنگترین هەڵبژاردنی نیوەی خولە لە ژیانماندا". لە بەرامبەردا جاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، قسەکانی سەرۆکی بە پەیامێکی کۆتایی پڕ لە شەرمەزاری وەسف کرد.

سەرەڕای ئەمانە، هەندێک لە لایەنگرانی کۆمارییەکان پشت بە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دەبەستن، بە پشتبەستن بە پێشبینیی بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریکردنی لایەنگرانی پارتەکەیان لە رۆژی دەنگداندا و ئەگەری ئەوەی ئەنجامی راپرسییەکان گوزارشت لە قەبارەی راستەقینەی پشتگیریی کۆمارییەکان نەکات.

لە ئاستی ئەنجوومەنی پیراندا، هەردوو پارت لە ویلایەتە خاوەن ئاراستە پارێزکارەکان کێبڕکێ دەکەن، لەوانە کانساس، تێکساس، ئایۆوا، ئۆهایۆ و ئالاسکا، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمارییەکان ئێستا 53 کورسییان هەیە بەرامبەر 47 کورسی بۆ دیموکراتەکان. دیموکراتەکان هیوادارن لە تێکساس و کانساس کورسی بەدەست بهێنن، لەکاتێکدایە لە ویلایەتەکانی دیکە بەرەوڕووی کێبڕکێ دەبنەوە.

لە ویلایەتی میشیگان، هایلی ستێڤنز، نوێنەری دیموکراتەکان، یەکشەممەی رابردوو پشتگیریی خۆی بۆ ماک رۆجەرز، بەربژێری کۆمارییەکان راگەیاند، ئەوەش لە بەرامبەر عەبدولسەیید، کە لە هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکەیاندا شکستی بەو هێنابوو؛ ئەو هەنگاوەش لەلایەن ترەمپەوە پێشوازیی لێ کرا.

دامەزراوەی دیسیجن دیسک ئێچ کیو، کە لە پێشبینییە سیاسییەکان تایبەتمەندە، پێشبینیی کرد دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران بە 52 کورسی بەرامبەر 48 کورسی بۆ کۆمارییەکان بەدەست بهێنن، هەروەها کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە 241 کورسی بەرامبەر 194 کورسی ببەنەوە.

هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە پێشوەختە بەشداریکردنێکی بەرفراوانی بەخۆوە بینی، بە جۆرێک نزیکەی 57 ملیۆن کەس پێش رۆژی دەنگدان دەنگیان داوە کە ژمارەیەکی پێوانەیییە، هەروەها تێچووی ریکلامە سیاسییەکان لە 11 ملیار دۆلار تێپەڕی. ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و هاوپەیمانی نزیکی ترەمپ، سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە سیاسییەکانی کۆمارییەکان تەرخان کردووە.

چاوەکان لەسەر هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە ئەنجامەکان و رێوشوێنەکانی پەسندکردنیانە، لەکاتێکدا گومانی ئەوە هەیە کۆمارییەکان لە ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس، تانە لە ئەنجامەکان بدەن.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەو چوارچێوەیەدا سکاڵایەکی تۆمار کرد کە دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستنی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئالاسکا، ئەگەر دان سالیڤان، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئێستای کۆمارییەکان، بە جیاوازییەکی کەم شکستی هێنابا، بەڵام دادگایەک رۆژی پێش هەڵبژاردن ئەو هەوڵەی رەتکردەوە.

هەروەها دادگای باڵای ئەمریکا، دووشەممە داواکارییەکی بەپەلەی بۆ ناچارکردنی ویلایەتی کالیفۆرنیا بە هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 20 هەزار کارتی دەنگدانی پۆستی رەتکردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە بەشێک لەو دەنگدەرانە رەنگە رەگەزنامەی ئەمریکییان نەبێت.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست رایگەیاند، ئەگەر کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان لەدەست دا، دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیموکراتەکان بەکاردەهێنێت. ترەمپ گوتی: "مافی ڤیتۆ دژی هەر شتێک بەکاردەهێنم کە پێشکەشی بکەن"، تاوەکو ناچار بن لەگەڵ یەکتر دانوستان بکەن و رێککەوتن ئەنجام بدەن.