سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر دوو بەرپرسی پێشووی سەڵاحەددین‌ سەپێنرا

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی سەڵاحەددین سزای سێ ساڵ زیندانیی بەسەر دوو بەرپرسی پێشووی پارێزگاکەدا سەپاندووە، بەهۆی تاوانی دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی پارەی گشتی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا، سەبارەت بەو دۆسیە کە لەلایەن دەستەکەوە لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە و رەوانەی دادوەری کراوە، روونی کردەوە، دادگای تاوانەکانی سەڵاحەددین سزای زیدانیی بەسەر بەڕێوەبەرانی پێشووی بەشەکانی پشکنین و کۆگاکانی پارێزگای سەڵاحەدین‌ دا دەرکردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سزاکە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی پارەی تایبەت بە جێبەجێکردنی یەکێک لە پڕۆژەکان دەرچووە و دادگا بڕیاری بە سزادانی هەردوو تاوانبار بە سێ ساڵ زیندانیی داوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە پشت بە ماددەی 318ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 دەبەستێت. هەروەها، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنەرەکانی دۆسیەکە، بڕیاری سزادانەکەی دەرکردووە.